ئاسایشی هەولێر روونکردنەوە لەبارەی هۆکاری تەقینەوەی میرەی پێشمەرگە دەدات
تەقینەوەکە کاتژمێر 4:30 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی شەممە 30/6/2018 لە میرە (کۆگای چەک و تەقەمەنی)ی وەزارەتی پێشمەرگە لە شارەدێی بەحرکە لە نزیک هەولێر، رووی داوە.
رۆژی شەممە 30/6/2018 د. تاریق نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە (کوردستان 24)ی راگەیاند، کاتژمێر 4:30 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی شەممە ئاگر لە کۆگاکەی میرە کەوتووەتەوە، بەهۆی ئەوەی کۆنتڕۆل نەکراوە، ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و بووەتە هۆکاری تەقینەوەی کۆگاکە.
تاریق نوری ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لێۆڵینەوەیان لە رووداوەکە کردووە و دەرکەوتووە هیچ حاڵەتێکی نائاسایی یاخود تیرۆریستی نەبووە، بەڵام ”لەکاتی هەڵگرتنی ئەو چەک و تەقەمەنییانە، رەچاوی مەرجەکانی هەڵگرتنی چەک نەکراوە“.
هەر ئەمڕۆ جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، کە تەقینەوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و لێژنەیەکیشیان بۆ تەخمینکردنی زیانە ماددییەکان پێک هێناوە.
پێشترین لە مانگی 7 و 8ـی ساڵی رابردووش، دوو کۆگای تەقەمەنیی هێزەکانی زێرەڤانی لە هەولێر و نزیک فڕۆکەخانە، تەقینەوە.
باسنیوز
