تاریق جامباز: هەندێك لایەن دەیانەوێت سیناریۆیەكەی دژی ڕیفراندۆم لە عێراق دووبارە بكەنەوە

تاریق جامباز: هەندێك لایەن دەیانەوێت سیناریۆیەكەی دژی ڕیفراندۆم لە عێراق دووبارە بكەنەوە
شرۆڤەكارێكی سیاسی باس لەوە دەكات، لە عێراقدا گرووپێك دەیانەوێت هەرچی ویستی سیاسییان هەیە بەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بیسەپێنن، بۆیە لە پرسی پێكهێنانی حكوومەت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشدا، هەمان سیناریۆ دووبارە دەكەنەوە كە دەیانویست لە دژی ڕیفراندۆم ئەنجامی بدەن.

هێشتا دیار نییە كەی حكوومەتی تازەی عێراق دروست دەكرێت، بەڵام گفتوگۆی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت دوا كەوتووە تا ئەو كاتەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاری خۆی دەدات.

تاریق جامباز، شرۆڤەكاری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەوانەی كاتی خۆی دەنگیان بە یاسای كۆمسیۆن دا، ئێستا سەنگەریان لەو یاسایە گرتووە، خێرە دەرئەنجامی هەڵبژاردن بە دڵی چەند لایەنێكی عێراق نەبێت، ئیتر دەبێ لە خاڵەكانی دەستوورەوە تا پرۆسەی سیاسیی عێراق هەڵوەشێننەوە؟ بە داخەوە لە عێراقدا جۆرێك لە كودەتای سیاسی هەیە، لە دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان رەنگە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دوا بكەوێت، دواكەوتنیشی خراپە و نادەستوورییە، چونكە بەپێی دەستوور دەبێت ماوەی حكوومەت و پەرلەمان چوار ساڵ بێت و درێژكردنەوەی نادەستوورییە، بۆیە هەر هەوڵێكی لەو شێوە نایاسایی و نادەستوورییە".

جامباز گوتیشی: "ئێستا هەندێك لایەن سەنگەریان لە حزبە براوەكان گرتووە گوایە ساختەكاری كراوە، ئێ باشە كاتی خۆی خۆیان نەبوون گوتیان ئێمە سندووقی ئەلیكترۆنیمان دەوێت چونكە تەزویرات ناكرێت، ئێستا خێرە دەڵێن ئەو ئامێرە تەزویری تێدا كراوە، بەداخەوە لە عێراقدا نەخۆشیی بردنەوە و دۆڕان هەیە كە دۆڕان قبوڵكراو نییە".

ئەو شرۆڤەكارە، ئەوەشی خستەروو: " كاتی خۆی چونكە هەندێك لایەن لە دژی ڕیفراندۆم بوون، لە ماوەی یەك رۆژدا 12 سزایان بەسەر خەڵكی كوردستان و دەرئەنجامی ڕیفراندۆمدا سەپاند، ئێستا دەیانەوێت هەمان سەنگەر لە دەرئەنجامی پرۆسەی سیاسی بگرن، ئاخر خێرە لە عێراقدێكدا كە باسی پێكەوەژیان و رێككەوتنی سیاسی دەكرێت، لە رۆژێكدا 12 بڕیار لە دژی ویستی خەڵكی كوردستان دەربچن، ئەمانەش بە راستی خراپ لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق دەشكێنەوە".
kdp-
Top