فراكسیۆنی پارتی، بەشداریی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناكات
پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان كردووە و بڕیارە ئەمڕۆ پەسەند بكرێت، دادگای فیدراڵییش لە نوێترین بڕیاری خۆیدا لەبارەی ئەو هەوڵەی پەرلەمانەوە، باسی لەوە كردووە كە درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان، نایاسایی و نادەستوورییە.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەمواركردنی چوارەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان كۆ دەبێتەوە و بڕیارە دەنگ لەسەر درێژكردنەوەی كاری پەرلەمان بدات".
نەجیب گوتیشی: "ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی، بەشداری لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا ناكەین، كە تەرخان كراوە بۆ درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان، چونكە هەر درێژكردنەوهیهك پێچەوانەی دەستوورە، كە 80%ی خەڵكی عێراق دەنگیان بۆ داوە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ: "ئەو كارەی پەرلەمان دەیكات، كاری ئەو پەرلەمانتارانەیە كە سەرنەكەوتوونە، دەیانەوێت لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بڕیار دەربكەن، كە مەرامێكی تایبەتی خۆیان هەیە، هەر لەبەر ئەوەیە ئێمە بەشدار نابین و بە درێژكردنەوەیش ڕازی نابین".
kdp-
