چاودێرێکی سیاسی لە سلێمانی: گۆڕان مانگانە ٢٥٠ هەزار دۆلار لە یەکێتی وەردەگرێ
بەهرۆز جەعفەر، چاودێری سیاسی کە پێشتر لە چەند نووسینێکیدا پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح و لیستەکەی کردووە، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) وتارێکی بە ناونیشانی (نامەیەک بۆ بزووتنەوەی گۆڕان) بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ کاتێک بەقەد ئەو ماوەیەی پاش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ”بوونی بزووتنەوەی گۆڕان گرنگ نەبووە“، بەڵام ”ئەم بزووتنەوەیە نەک ھەر نییە، بەڵکو کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بە ئاشکرا دەستیان داوەتە دەست بنەماڵەکانی دەستەڵاتەوە و لە دەرەوەی بزووتنەوەکەوە قوڕمیش ئەکرێن“.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بزووتنەوەی گۆڕان تا پێش ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری ۲۰۱۸، ھەموو مانگێک ٢٥٠ ھەزار دۆلاری لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەرگرتووە. دەشڵێت: ”گردێک بە (۱۲۲) دۆنم زەوی و دەیان ملیۆن دۆلاری میللەتەوە پێیان دراوە و داگیریان کردووە“.
بەهرۆز جەعفەر نایشارێتەوە کە لە پاش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە، کوڕەکانی ناوبراو ”لە ڕێگەی ماڵی تاڵەبانییەوە کۆنتڕۆڵ کراون“.
بەهرۆز جەعفەر، بزووتنەوەی گۆڕانی بە پەکخستنی هاوپەیمانێتیی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی تۆمەتبار کردووە و نووسیویەتی: ”ئەگەر گۆڕان دەیەوێ لە ڕێگەی پەکخستنی هاوپەیمانێتیی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتییەوە، گورزێکی ناشرین و خراپ بوەشێنێت، ئەگەر ئاوھا ھاوپەیمانێتی بە فێڵ و تاکتیک لەنێوان چاکەخوازەکاندا پەک دەخات، پێش ھەموو شتێک بزانێت خۆی پەکی ئەکەوێ و دەیان کەسی دیار و کاریگەری تێدا دەکشێنەوە کە لەسەرەتاوە لەم بزووتنەوەیەدا بوون“.
لە کۆتاییشدا باسی لە گۆڕەکەی نەوشیروان مستەفا کردووە و جەختی کردووەتەوە: ”ھیوادارم کارێک ڕوونەدات خەڵک لەدیار گۆڕەکەی نەوشیروان مستەفا خۆپیشاندان بکەن، چونکە ئەم سەرکردانەی کورد بە مردووییش لە خەڵکی خۆشتر دەژین، سەیری شوێن و مەزار و مەقام و ڕووناکی و پاسەوانیان بکە“.
باسنيوز
