عەشیرەتە عەرەبەكان هۆشداری روودانی كارەساتێكی گەورە دەدەن

عەشیرەتە عەرەبەكان هۆشداری روودانی كارەساتێكی گەورە دەدەن

گوتەبێژێك بەنێوی عەشیرەتە عەرەبەكان رایگەیاند رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو و ئێستەی كەركووك و داقووق و دووزخورماتوو و خانەقین و دەشتی نەینەوا، نیشانەی روودانی كارەساتێكی گەورەن. بۆ ڕێگریش لەمە داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكات.


موزاحم حوێت گوته‌بێژی عەشیرەتە عه‌ره‌به‌كان له‌ ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم هۆشداری دا له‌ روودانی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ له‌ ناوچەكەدا، ئەمەش بەهۆی چالاكبوونەوەی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و بێباكی و بێ هێزی هێزە عێراقییەكان بەرانبەر هێرشەكانی ئەم دواییەی داعش بۆ سەر ناوچەكە.


حوێت بۆ ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)ی عێراقی ئاماژەی بەوە داوە كە لەسەر دەستی داعش، تاوان و كارەساتی گەورە بەڕێوەیە. دەڵێ داعش چالاك بووەتەوە و حكوومەتی عێراقیش مت بووە.


گوتەبێژەكە ئاماژەی بەوە داوە كە عەشیرەتە عەرەبیەكانی ناوچەكە دەستەوەستان نابن و هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكانی داعش، لە هەمان كاتدا داوا دەكەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، بۆ ئەوەی لە دەست هێرشەكانی داعش بیانپارێزن.


جێی باسە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە تەرمی هەشت ڕفێندراوی عێراقی لەسەر ڕێگەی بەغدا - كەركووك دۆزرانەوە، كە پێش هەفتەیەك لەلایەن چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە ڕفێندرابوون و داعش گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو كردبوونەوە.
k24-
Top