مەترسی دەكەوێتە سەر رێگاكان.. رێگای هەولێر- كەركووك و تەلسقۆف- مووسڵ داخراون
هەرێمی كوردستان لە لایەن خۆیەوە بڕیاری كردنەوەی رێگای كەركووك-هەولێری داوە، لە هەمان كاتدا ئاسانكاریی كردووە تا رێگای تەلسقۆف-مووسڵ بكرێتەوە، بەڵام هیچ یەكێك لەو رێگایانە نەكراونەتەوە، ئەوەش بە هۆی ترسی بازگەكانی حەشدی شەعبی و كوشتن و رفاندنی خەڵك لە رێگا سەرەكییەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان، كە ئەو رێگایانە لە ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی عێراقدان و مەترسییان لەسەرە.
هاوكات پەرلەمانتار و بازرگانەكان بە هۆی مەترسیی رێگاكانەوە هێڵی ئاسمانی بەكار دەهێنن، گەشتیارانی بیانییش لە ترسی حەشدی شەعبی ئاگادار دەكرێنەوە، (كەمال یەڵدا)، جێگری سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری و گواستنەوە لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ماوەی دوو ساڵە، رێگای وشكانیی (هەولێر-كەركووك و تەلسقۆف- مووسڵ) داخراوە و خەڵكی ئەو ناوچانە 30%ـیان گەڕاونەتەوە و ئێستایش ناتوانن هاتوچۆ بكەن، بە تایبەت هەبوونی بازگەی حەشدی شەعبی، ترسی لای خەڵك دروست كردووە، پێشتر لە بازگەكان سوكایەتی بە ئافرەت و كچی مەسیحی كراوە، بەشێكیان گوشاریان بۆ هێنراوە، بۆیە ناوێرن بە رێگای تەلسقۆفەوە بچنەوە مووسڵ و ئەو رێگایەش گیراوە".
یەڵدا ئەوەشی خستە روو: "دەسەڵاتی بەغدا لە رووی ئەمنییەوە هیچ ئامادەكارییەكی نەكردووە، تا ئەو رێگایانە نەبنە مەترسی و هەوڵی كردنەوەیشیان نەدراوە، بۆ نموونە رێگای هەولێر-كەركووك لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری كردنەوەی بۆ دەرچووە، بەڵام بەغدا لەلایەن خۆیەوە ئەو ئامادەكارییەی نەكردووە، نە شەقامەكەی نۆژەن كردووەتەوە و نە توانیویەتی ئەمنییەنی بۆ دابین بكات، ئێستایش داعش لە حەمرینەوە گوشاری زۆری هێناوە و ئەو رێگایە بووەتە مەترسی بۆ هاتوچۆ".
دەشڵێت: "ژمارەیەكی زۆری تاوان و كوشتن و رفاندن لە رێگای كەركووك-هەولێر روویان داوە و، دەبێت دەسەڵاتی بەغدا لەو بارەیەوە وەڵامی هەبێت".
kdp-
