نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێم هاوكار ده‌بێت بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٧/٦/٢٠١٨ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له تامر الملیجی كونسووڵی كۆماری میسری عه‌ره‌بی له هه‌رێمی كوردستان كرد.
سه‌رۆكوه‌زیران پیرۆزبایی له به‌ڕێز الملیجی كرد كه ماوه‌یه‌كه وه‌ك كونسووڵی میسر له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار بووه و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست و پشتگیریی لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تی بۆ سه‌رخستنی كاره‌كانی ده‌ربڕی، كونسووڵی میسریش وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵی به ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسولی وڵاته‌كه‌ی له هه‌رێمی كوردستان، هیواى خواست بتوانێت په‌ره‌ى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ریمى كوردستان بدات.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له په‌یوه‌ندییه مێژووییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و میسر و چۆنیه‌تیی پته‌وكردنیان له بواره‌كانی ڕۆشنبیری، بازرگانی، ئابووری و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌دا به‌گشتی كرا، له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه كه ئاسۆیه‌كی ڕوون هه‌یه و دۆخه‌كه به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات به شێوه‌یه‌ك كۆمپانیاكانی میسر و وڵاتانی دیكه‌ش ده‌توانن وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن و بره‌و به په‌یوه‌ندى له بواره جیاكاندا بده‌ن.
هه‌ردوولا پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقیان تاوتوێ كرد، نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ى به‌وه دا كه هه‌رێمی كوردستان هاوكار ده‌بێت بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق.
kdp-
