سەرکردەیەکی گۆڕان: ڕەوشی تەندرووستیی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد زۆر خراپە
سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: ”بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بەمن گەیشتووە، باری تەندرووستیی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد جێگیر نییە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیایە“.
ھۆکاری نەخۆشییەکەشی بۆ زۆری تەمەن و بەردەوام بەکارھێنانی جگەرە لە لایەن ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدەوە گەڕانەوە و ئاماژەی بەوە کرد: ”ھێرۆ ئیبراھیم جگەرەکێشێکی بەردەوامە و بەدڵنیاییەوە بەشێک لە نەخۆشییەکەی بەھۆی ئەوەوەیە و کاریگەری لەسەر سیەکانی دروست کردووە، نەخۆشییەکەشی شتێکی حاشا ھەڵنەگرە“.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان ڕەخنەی لە یەکێتی گرت بەوەی کە ”عەیبە نەخۆشییەکەی ھێرۆ ئیبراھیم دەشارنەوە“ و گوتی: ”ھێرۆ ئیبراھیم لە کۆتایی ساڵەکانی تەمەنی دایە، نازانم شاردنەوەی ئەم بابەتە خزمەت بە کێ دەکات؟“.
ئەو سەرکردە باڵایەی گۆڕان گوتیشی: ”ئێمە ڕێبەرەکەمان کە نەوشیروان مستەفا بوو، نەخۆشی و مردنەکەیمان نەشاردەوە، لەبەر ئەوە ئەگەر حزبێکی سیاسی خاوەنی بەرنامە و ستراتیژی خۆی بێت، کاتێک سەرکردەیەکی دەمرێت، دەبێ خۆی ئامادە بکات کە بۆشاییەکەی پڕ بکاتەوە و زیان بە پەیکەری حزبەکەی نەکەوێت، چونکە برینی ھیچ حزبێک بە شاردنەوەی مردنی سەرکردەکەی چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو دەبێ ئاشکرای بکەیت“.
ئەم قسانەی سەرکردەکەی گۆڕان لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا سەعدی پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھۆکاری بەشداری نەکردنی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدی لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بۆ ناجێگیریی باری تەندرووستی گەڕاندەوە.
باسنیوز
