حکوومەتی عێراق لە كەركووك هەوڵ دەدات گرێبەستی زەوی بۆ عەرەبە هاوردەکان بكات
مەهدی كاكەیی، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی كەركووك، ڕايگەیاند: "دوای 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو پرۆسەی تەعریبكردنەوە لە سنووری پارێزگای كەركووك سەری هەڵدایەوە و هەوڵێكی زۆریش بۆ ئەو مەبەستە درا، بەتایبەت لەلایەن بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی زەوی و زاری كەركووكەوە ئەو گرێبەستانەی كە كاتی خۆی هی عەرەبە هاوردەكان بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان بووە کە هەڵوەشێنرابەونەوە، ویستیان جارێكی تر ئەو بابەتە زیندوو بكەنەوە ئەو زەوییانە بدەنە عەرەب كە كاتی خۆشی داگیریان كردبوو".
ڕاشی گەیاند: "بۆ ئەو مەبەستە هەزاران جووتیاری عەرەب هەوڵیان دا لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتیی زەوی و زاری كەركووكەوە بۆ ئەوەی ئەو گرێبەستانەیان بۆ بگەڕێننەوە و هەوڵیان دابوو بگەڕێنەوە سەر دێهاتە كوردنشینەكان و زەوییە كشتوكاڵییەكانیشیان داگیر بكەنەوە، ئەو هەوڵانەی عەرەبە هاوردەكانیش بە تایبەت لە ناحیەی لەیلان و پردێی و قەزای دووبز و داقووق زیاتر هەبوون و بەردەوامە".
مەهدی کاکەیی گوتیشی: "لەبەر ئەوەی ئەو شوێنانە ئەرزێكی كشتوكاڵیی زۆری هەیە و هەندێك لەو عەرەبانە جارێكی تر گرێبەستیان بۆ كرا، بەڵام پاشان لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا هەوڵ درا بۆ ئەوەی ڕێگە لەو كردەوەیە بگرن و گرێبەستی زەوی كشتوكاڵی بۆ عەرەبە هاوردەكان نەكەنەوە، ئەوەش تا رادەیەك باش بوو بۆ ئەوەی پێش بەو عەرەبانە بگرن، بەڵام هەوڵی عەرەبەكان بۆ ئەو مەبەستە هەر بەردەوامە، بەتایبەت بە پاڵپشتیی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركووك".
باسنيوز
