كاروانی هاوكارییەكانی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی گەیشتە كوردستان

كاروانی هاوكارییەكانی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی گەیشتە كوردستان


لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەرۆكی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی، لەبارەی گەیشتنی كاروانێكی گەورەی هاوكاری رێكخراوە ئەڵمانییەكە رێكخرا.



ئەمڕۆ 26/6/2018 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە ئامادەبوونی نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و فرانك فرانكێ، سەرۆكی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی و گرووپی رێكخراوەكە، بە ئامادەبوونی كەناڵەكانی راگەیاندن، پرێس كۆنفرانسێكیان لەبارەی گەیشتنی كاروانێكی گەورەی هاوكاری رێكخراوە ئەڵمانییەكە رێكخرا، كە خۆی لە دابینكردنی (54) پالێت لە پیسكیتی پرۆتین، دایبی، شیری وشك بۆ منداڵان و (20) كۆمپیوتەر دەبینێتەوە، كە بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەسەر منداڵانی ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستانی عێراق دابەشی دەكەن، هاوكات مژدەی كردنەوەی قوتابخانەیەكی تایبەت بە فێربوونی كۆمپیوتەر بۆ ئاوارەو پەنابەرانیان راگەیاند.



لەسەرەتای پرێس كۆنفرانسەكەدا، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر پاش بەخێرهێنانی رێكخراوەكە، گوتەیەكی پێشكەشكرد و سوپاسی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی كرد كە بەردەوام كۆمەك و هاوكارییەكانیان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێشكەشی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەن، هیوای سەركەوتن و كاری گەورەتری بۆ خواستن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، كە لە كوردستاندا ژمارەیەكی زۆر ئاوارەو پەنابەر دەژین كە ئەمەش وا دەكات رێكخراوە جیهانییەكان بەگڕوتینێكی زۆرترەوە بێنە مەیدان و خزمەتی ئەو چین و توێژانە بكەن كە لەناو كەمپەكاندا ژیان دەگوزەرێنن.



لە لایەكی دیكە فرانك فرانكێ، سەرۆكی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی لەبارەی كاروانی هاوكارییەكانی، گوتەیەكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، کە بۆ حەوتەمین جارە سەردانی كوردستان دەكات و بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەناو كەمپی ئاوارەو پەنابەراندا كاری كردووە و بەردەوامیش دەبن لە گەیاندنی هاوكارییەكانی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان.



لەدرێژەی پرێس كۆنفرانسەكەدا، فرانك فرانكێ، ئەوەشی خستە روو، کە جگە لە گەیاندنی هاوكارییەكانیان، هاوكات لە ئاییندەیەكی نزیكدا گەورەترین قوتابخانەی كۆمپیوتەر لەسەر ئاستی جیهان لەناو كەمپی ئاوارەو پەنابەران دروست دەكەن، كە ئەمەش مژدەیەكی دڵخۆشكەر دەبێت بۆ ئاوارەو پەنابەران، تاکو لەژینگەی نێو كەمپەكاندا فێری زانستی نوێ، پرۆژە و دۆزینەوەی هەلی كار بن بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاییندەدا پشت بەخۆیان ببەستن. لەكۆتایی پرێس كۆنفرانسەكەدا خەڵاتی تایبەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشی رێكخراوی Wings of Help ی ئەڵمانی كرا.
bas news-
Top