وەیس نایف: بڕیار بوو بگەڕێینەوە شنگال کەچی حەشدی شەعبی هەڕەشە دەکات
وەیس نایف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "حەیدەر عەبادی بڕیاری دابوو هەرچی زووە ئەو بارەگایانەی ئێستا کارەکانی تێدا بەڕیوە دەبەین بەجێ بهێڵین و بگەڕێینەوە شوێنی ڕاستەقینەی خۆمان و ئێمەش بە بڕیاری سەرکردایەتیی خۆمان و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیمان کرد و حکوومەتی هەرێمیش ئەم بڕیارەی پێ باش بوو ئەگەر بتوانین پاریزگاری لە خۆمان بکەین ئێمەش بریارمان دا بگەڕێینەوە شنگال و وەفدێکی حکوومەتی عێراقیش بە نوێنەرایەتیی نوێنەری حەیدەر عەبادی لە شنگال بوون بۆ پێشوازیکردنمان کەچی حەشدی شەعبی و ئیدارەی ئێستای شنگال و چەند هێزیک خۆیان کۆ کردبووەوە دژی ئێمە و ڕیوشوێنی توندیان گرتووبووە بەر لە دژی ئێمە و نوێنەری عەبادی گەڕانەوەمانی بۆ کاتێکی دیکە دوا خست."
حەشدی شەعبی هێزێکی میلیشیایە، بڕیارەکانی لە مەرجەعیە شیعەکان وەر دەگریت و پابەندی یاسا و ڕیساکان نابێت و چاودێرانیش دەڵێن، ئەم هێزە بۆ سەر ئاسایش و پاشەڕۆژی عێراق مەترسیدارە. لەم بارەیەشەوە، نایف گوتی: "دەبێ حەیدەر عەبادی بزانیت حەشدی شەعبی فەرمانەکانی جێبەجێ ناکات و دەبێ خەڵکی شنگال هەموویان بزانن ئەم ئیدارەیەی ئێستای شنگال خەڵکی شنگال نین و بە هیچ شێوەیەکیش نوێنەرایەتیی خەڵکی شنگال ناکەن."
سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال دەشڵێ: "ئێستا ئەو ئیدارەیەی شنگال نایەوێت هیچ ئیدارەیەکی شەرعی لە نێو شنگالدا هەبیت و ئەوانە بە هیچ شێویەک قوربانیدانی خەلکی شنگال لەبەرچاو ناگرن."
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر حەشدی شەعبی دەستی بەسەر چەندین ناوچەدا گرتووە و خەڵکی ئەو ناوچانەش لەبەر هەبوونی ئەو هێزە لە ناوچەکانیاندا ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
kdp-
