مەسرور بارزانی: پێویستە دۆسیەی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان بەهەماهەنگی گشت لایەنەکان بەرێوە ببرێ

 مەسرور بارزانی: پێویستە دۆسیەی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان بەهەماهەنگی گشت لایەنەکان بەرێوە ببرێ
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کۆبوویەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 26/6/2018، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جەنەرال وۆلتر پایێت، جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندی یاوەری کۆبوویەوە.

لەم دیدارەدا دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگی نێوان هێزه‌ پەیوەندیدارەکان و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆیان لەسەر کرا.

مەسرور بارزانی، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه ‌له بایه‌خ و گرنگی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و هاوکاری زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ رێگریكردن له‌جموجۆڵ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان، ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستە دۆسیەی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرێوە بچێت.

لە بەرامبەردا جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان، هه‌ماهه‌نگیی نێوان هاوپه‌یمانان و پێشمه‌رگه‌ی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان به‌رز نرخاند و دووپاتی کردەوە، کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە هاوکاری و مەشق و پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.









باسنيوز
Top