لەسەر زیادكردنی دەوامی فەرمانبەران روونكردنەوە دەدرێت
بەپێی نووسراوێکی ئیدارەی راپەڕین، کە لە ٢٠ی ٦ی ٢٠١٨ دەرچووە و کۆپییەکی دەست (باس) کەوتووە، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی سنوورەکە کراوە، ئاماژە بە زیادکردنی دەوامی فەرمانبەران کراوە.
لە نووسراوەکەدا ھاتووە: «دوای باشتربوونی دۆخی دارایی و مووچەی فەرمانبەران، بڕیار درا بە ئاساییکردنەوەی دەوامی فەرمیی فەرمانبەران».
داواش لە فەرمانبەران کراوە: «لەبەر پاراستنی بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان، ھەفتانە پێنج ڕۆژ دەوامی ئاسایی خۆیان بکەن».
لە سەرێکی ترەوەو بەپێی فەرمانێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بڕیار دراوە لە ٢١ی ٦ی ٢٠١٨ دەوامی فەرمانبەران لە دوو رۆژ زیاد بکرێت بۆ سێ رۆژ لە ھەفتەیەکدا.
پێشتر بەھۆی سیستمی پاشەکەوتی مووچەوە، فەرمانبەران بە شێوەی نۆرە دەوامیان دەکرد، کە لەنێوان ٢ بۆ ٣ رۆژ بووە لە ھەفتەیەکدا.
مۆفەق عەبدوڵا، راوێژکاری دارایی وەزیری تەندروستبی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند: “کاتی خۆی بە فەرمان دەوامی فەرمانبەران کەم نەکراوەتەوە، بەڵکوو رەچاوی کەمیی مووچە و دۆخەکە کرا و دەسەڵاتی فەرمانگەکان بوو دەوامیان کەم کردەوە، ئێستاش ھیچ فەرمانێک نەھاتووە دەوام زیاد بکرێتەوە”.
زیاتر گوتیشی: “ئێستا کە مووچە باش بووەەتەوە، یان تەناوب ھەڵدەگیرێت یان دەوام زیاد دەکرێتەوە، ٨٠%ی فەرمانبەران مووچەکانیان نزیک بووەتەوە لە پێش دەستکاریی مووچە، بۆیە پێداچوونەوە بە دەوام دەکرێتەوە”.
ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: “وەزارەتەکان پێداچوونەوەی خۆیان دەکەن، بە جۆرێک نە فەرمانبەران ئەرکیان زۆر قورس بکرێت، ھەروەھا ھاووڵاتییانیش مامەڵەکانیان بەھۆی کەمیی دەوام دوا نەخرێت، دەبێت دادپەروەری لەو بابەتی رەچاوکردنەدا بکرێت”.
زیادکردنی دەوامی فەرمانبەران لە کاتێکدایە، پاشەکەوتی مووچە بە یەکجاری ھەڵنەگیراوە، حکوومەتیش پارەیەکی زۆری پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی لە لایە و ھیچ رێکارێک بۆ گەڕاندنەوەی دیاری نەکراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە (باس)ی راگەیاند، ھیچ فەرمانێک لە ئەنجومەن بۆ زیادکردنی دەوام دەرنەچووە، بەڵکوو لە دەسەڵاتی وەزارەت و فەرمانگەکان و دامودەزگا ئیدارییەکاندایە ئەو بابەتە رێک بخەنەوە.
سەرچاوەکە جەختی کردەوە، دەوام ناکرێتە ٥ رۆژ لە ھەفتەیەکدا، لەگەڵ ئەوەشدا رێگە نادرێت وەکوو ئێستا بێت، گوتیشی: “فەرمانگەکان بەپێی ئیش و کارەکانی خۆیان دەسەڵاتیان ھەیە دەوام و کاروبارەکانی خۆیان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی رێک بخەنەوە”.
باسنیوز
