ئەمڕۆ دواوادەی تۆماركردنی هاوپەیمانەتییە لە كۆمسیۆن.. دوو هاوپەیمانی ناویان تۆمار كردووە
كاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموركراتی كوردستان، گوتی: "تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ درێژكردنەوەی ماوەی هاوپەیمانەتی و ئەوە دەكەوێتەوە دەست ئەنجوومەنی كۆمسیاران، كە هەر بڕیاریك بدەن دواجار دەبێت پێوەی پابەند بین".
بەپێی زانیاریی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە دەستی كەوتووە، ئەمڕۆ 25\6 هەردوو بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی ناویان وەك هاوپەیمانی تۆمار كردووە، پێشتریش هەریەكە لە حزبی سۆشیالیست و پارتی جووتیاران و رەنجەدەرانی كوردستان و یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان ناویان وەك هاوپەیمانی تۆمار كردووە، ئەمڕۆیش دواوادەیە بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانەتی و، هیچ بڕیارێكیش نییە بۆ ئەوەی وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانی درێژ بكرێتەوە.
هاوكات دوای وادەی بەستنی هاوپەیمانی، دەبێت سەرجەم هێزە سیاسییەكان ناوی بەربژێرەكانی خۆیان رەوانەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكەن تا لەوێوە لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە رەزامەندی لەسەر بدرێت.
بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، 38 حیزب پەسەند كراون، تاوەكو ئێستایش یەك هاوپەیمانی بە ناوی (سەردەم) لە نێوان هەریەك لە حیزبی سۆشیالیست و پارتی رەنجدەران و یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان دروست كراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە بڕیارە لە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت، 38 لیست و قەوارەیش بۆ كێبڕكێ لەسەر 111 كورسی، ناویان لە كۆمیسیۆن تۆمار كردووە.
kdp-
