ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی نایاسایی و خاوەنەكانیان دەستی پێكرد
ماوەیەكە لە ھەرێمی كوردستان ھەڵگرتنی چەك بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، ئەمەیش بووەتە ھۆی ئەوەی كە چەندین ڕووداوی نەخوازراو ڕوو بدەن و، لە چەند رۆژی رابردوویشدا لە شاری ھەولێر چەند ڕووداوێك ڕوویان داوە و چەند كەسێكیش بوونەتە قوربانی.
بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر، د. تاریق نووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای وردبوونەوە لە ئامارەكان، ھەستمان كرد كە دیاردەی چەكھەڵگرتن لە زیادبووندایە، بۆیە سەرەتا بەیاننامەیەكمان دانا كە نابێت كەس چەكی بێمۆڵەت ھەڵبگرێت، ھەر كەسێكیش چەكی بێمۆڵەتی پێ بێت، دەستگیر دەكرێت، هەروەها ھەڵمەتێكیشمان دەست پێكردووە و وەكوو قۆناغی یەكەم لە شوێنە گشتییەكان ھەر كەسێك چەكی پێ بێت یاخود لەناو ئۆتۆمبێل بێت، دەستگیری دەكەین و دەست بەسەر چەكەكەیدا دەگیرێت و خۆی زیندانی دەكرێت و دواتریش دادگای دەكرێت و سزای خۆی وەردەگرێت، جگە لەوەش ئەوەی مۆڵەتیشی ھەبێت ئەگەر لە شوێنی ئەركەكەی نەبێت، ئەویش لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت و ھاوكات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێژمارەیشدا دەگرین، بۆیە تاوەكو ئێستا ژمارەیەك كەس دەستگیر كراون".
د. تاریق گوتیشی: "ئەوانەی مۆڵەتی چەكیشیان ھەیە، پێویستە بەپێی یاسا بەكاری بێنن، چونكە ناكرێت ھەر كەسەو لەخۆیەوە چەك بەكار بێنێت، ھەستیشمان كردووە چەكھەڵگرتن و بەكارھێنانی زۆر بووە، بۆیە ئێمەیش ئەو ھەڵمەتەمان دەست پێكردووە و رێگە نادەین ھیچ دیاردەیەكی نایاسایی لە ھەولێر ھەبێت".
بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر ڕوونیشی كردەوە: "لە قۆناغی داھاتوودا ماڵەكانیش دەپشكندرێن و ئەوەی چەكی ھەبێت، دەستی بەسەردا دەگرین، بەڵام ئەوكات مۆڵەتێك بە خەڵك دەدەین كە چەكی خۆیان رادەست بكەن و ئەوەی رادەستی بكات، ھیچی لەگەڵ ناكرێت، بەڵام ئەوەی رادەستی نەكات، دەستی بەسەردا دەگیرێت و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت".
"ئەو ھەڵمەتە بەرەدەوام دەبێت تاوەكو دیاردەی چەكھەڵگرتن بە شێوەی نایاسایی بنبڕ دەكرێت". بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر وای گوت.
kdp-
