كرمانج عەبدوڵڵا: ئەوە دووپات بوویەوە كە پارتی پارێزەری دەنگی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆیە
دوای ئەوەی هەندێ لایەنی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق هەوڵیان دا دەنگی تایبەتی هەرێمی كوردستان ڕەت بكرێتەوە، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا كە دەبێ دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان بە پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس لە ناوخۆی هەرێم و دەرەوە هەڵوەشێتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە دادگای باڵای فیدراڵی تانەی لەو بڕیارە دا و دادگای باڵای فیدراڵییش، وەڵامی تانەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانی دایەوە و هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی لە هەرێم و دەرەوە بە نادەستووری وەسف كرد.
كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ـی پارتی لە مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ئەوە دووپات بوویەوە كە پارتی پارێزەری دەنگی پێشمەرگەیە، دەنگی هێزەكانی ناوخۆیە، بەداخەوە بەشێك لە عەرەبە شۆڤێنییەكان، بەشێك لە كوردەكانیش لە بەغدا ویستیان بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبیی خۆیان پێ لە بەرژەوەندیی گشتی بنێن، پێ لە دەنگی ئەوانە بنێن كە بە گیان و خوێنی خۆیان كوردستان دەپارێزن، بەڵام خۆشبەختانە پارتی سێ داواكاریی بنەڕەتیی هەبوو، هەر سێ داواكارییەكەیشی لە دادگای فیدڕاڵی بردەوە، لەوانە ئەژماركردنی دەنگەكانی دەرەوە، دەنگی تایبەت، لەگەڵ دەنگی ئاوارەكاندا.
عەبدوڵڵا گوتیشی: "هەردەم پارتی داوای یەكڕیزی لە لایەنە سیاسییەكانی كردووە، داوای كردووە كورد یەكدەنگ و یەكڕەنگ بێت، لەگەڵ ئەوە بووینە یەكڕیزی ناو ماڵی كورد پارێزراو بێت، بۆ ئەوەش كارمان كردووە، ئەمەیش هەموو بۆ ئەوەیە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان پارێزراو بن، هەتا دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریش پارتی داوای كرد هەڵوێست وەربگرین، چ بە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی بێت یان ڕێوشوێنی تر، ئەگەر ئەوە نەكرا بە یەكگرتوویی بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەین، بە تایبەتی لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەداخەوە لایەنە كوردستانییەكان بەپیر بانگەوازیی پارتییەوە نەهاتن، ئەوە لایەنە سیاسییەكانی دیكە بوون دەستپێشخەریی پارتییان ڕەت كردەوە، ئێستاش پارتی هەر لەسەر هەمان هەڵوێستە و بەردەوام داوای یەكڕیزی لە لایەنە سیاسییەكان دەكات، بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین مافەكانی خەڵكی كوردستان بە دەست بهێنین، چونكە پارتی دەزانێ ئەگەر كورد یەكگرتوو و یەكڕیز نەبێ، وەك پێویست ناتوانێت داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان بە دەست بهێنێت، بێگومان جگە لە یەكڕیزی و گوتارێكی یەكگرتوویش، هیچ بەدیلێكی دیكە نییە كە بتوانێ گەرەنتیی مافەكانی گەلی كورد بكات".
kdp-
