خوێندنەوەی پێوەری ئاو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، ڕايگەیاند: "لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستانەوە، بەشێوەی فەرمی مۆڵەت بە کۆمپانیای ڕێگەپێدراو دراوە بۆ دەستپێکردنی ڕووپێوکردن و خوێندنەوەی پێوەری ئاو".
بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە قۆناغی یەکەم ڕووپێوی کاتژمێرەکان دەکرێت و دواتریش دەست بە خوێندنەوەی پێوەری ئاوی ماڵان دەکرێت".
ئاری ئەحمەد باسی لەوەش کرد، کە دوای تەواوبوونی ڕووپێوی کاتژمێرەکان، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە ڕۆژێک وەکوو خوێندنەوەی یەکەمی پێوەری ئاو دیاری دەکرێت و لەو ڕۆژەوە پارە بە سیستەمی نوێ لە ھاوبەشانی ئاو وەردەگیرێت، دەشڵێت: "پێشتر پێوەرەکانی ئاو ھەر ژمارەیەکیان خوێندبێتەوە ھەژمار ناکرێت".
پێش دەستپێکردنی خوێندنەوەی پێوەر، لەسەر ھاوبەش پێویستە کە پاکانەی قەرزەکانی پێشتر بدات، بە پێچەوانەوە قەرزەکە دەکرێتە سەر پسوولەی کرێی ئاو، لەژێر ناوی قەرزی پێشوو.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا بە سیستەمی (مەقتوع) کار دەکات، واتە بۆ ھەر مەتر چوارگۆشەیەک مانگانە 50 دینار وەرگیراوە.
باسنيوز
