كۆمسیۆن: بەیانی كۆتاوادەیه‌.. تا ئێستا ھیچ ھاوپەیمانەتییەك بۆ هەڵبژاردن پێك نەھاتووە

 	 كۆمسیۆن: بەیانی كۆتاوادەیه‌.. تا ئێستا ھیچ ھاوپەیمانەتییەك بۆ هەڵبژاردن پێك نەھاتووە
بەیانی كۆتاوادە دەبێت بۆ پێكھاتنی ھاوپەیمانەتی لە نێوان قەوارە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستاندا بۆ ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمان، ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانیش لە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی كوردستان دەڵێت، تا ئێستا ھیچ ھاوپەیمانەتییەك بۆ ئەو مەبەستە پێك نەھاتووە.

ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی كوردستان، جووتیار عادل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، ٣٨ لیست و قەوارە ناوی خۆیان تۆمار كردووە و، كێبڕكێ بۆ بەدەستھێنانی ١١١ كورسیی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، كە وادەی ناوتۆماركردن كۆتایی ھاتووە، تەنیا بۆ پێكھێنانی ھاوپەیمانەتیی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ یەكتردا، بەیانی ماوە و كۆتایی پێ دێت".

عادل دەشڵێت: "بۆ دەنگدانی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیار وایە ٣٠ی ئەیلوول ئەنجام بدرێت، كۆمسیۆن تۆماری نوێی دەنگدەرانی ئامادە كردووە و بەشی زۆری پاك كراوەتەوە و ژماردنی دەنگەكان بە دەست دەبێت. بە ھۆی درووستبوونی كێشە لە ژماردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكانی ھەڵبژاردنەكانی ١٢ی ئایاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیار دراوە بۆ ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، دەنگەكان بە دەست بژمێردرێن، ئەو بڕیارەیش لەسەر داوای لایەنە سیاسییەكان بووە".

درێژكردنەوەی وادەی ھاوپەیمانەتییش لە ١٨ی مانگەوە تا ٢٠ی ئەو مانگە بەردەوام بوو، بەڵام بە ھۆی پشووی فەرمیی جەژنەوە كۆمسیۆن وادەكەی درێژ كردەوەو تا ٢١ـی ئەم مانگە.

ئەو ئەندامەی كۆمسیۆن، ڕوونیشی دەكاتەوە: "تا ئێستا ھیچ ھاوپەیمانەتییەك پێك نەھاتووە و، لەلایەن ئەو قەوارانەیش كە بەنیازی ھاوپەیمانەتین، ھیچ نامەیەك بۆ كۆمسیۆن نەھاتووە."
kdp-
Top