جێبەجێكردنی دەستوور، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ڕێك دەخاتەوە

جێبەجێكردنی دەستوور، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ڕێك دەخاتەوە
بەرپرسی ‌مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا، هەوڵ دەدات بە كارنامەیەكی سیاسی و پرۆگرام و ستراتیژییەكی سەردەمیانە، بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵدا بچێتەوە.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی ‌مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە پڕۆفێسۆر گارێس ستانسفێڵد، كەسایەتیی ئاكادیمی و پسپۆڕ لە بواری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كرد.

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، سوپاسی هەوڵەكانی ڕابردوو و ئێستای پڕۆفێسۆر ستانسفێڵدی كرد لە دۆزی كورد و دواپێشهاتەكانی كوردستان و، عێراق و ناوچەكەی لە ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بۆ ناوبراو شی كردەوە.

سیوەیلی ڕایگەیاند كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا، هەوڵ دەدات بە كارنامەیەكی سیاسی و پرۆگرام و ستراتیژییەكی سەردەمیانە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵدا بچێتەوە. "ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا رێك بخرێنەوە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان. حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە ڕابردوودا پیشێڵكارییەكی گەورە و نادەستووری و نادادپەروەرانەیان بەرامبەر بە مافە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە لەو دەستوورەی كە زۆرینەی خەڵكی عێراق دەنگیان بۆی داوە، هەر بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنە سیاسییایەكانی تر لە هەرێمی كوردستان، بە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا، ئارەزووی خۆیان پێشان دا كە خوازیارن بە ڕێگەی لێكتێكگەیشتن و دیالۆگی سیاسی و لە چوارچێوەی دەستوور پرسەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق چارە بكەن، بۆ ئەم مەبەستەیش سەركردایەتیی (پ.د.ك) هەموو هەوڵەكانی خۆی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق چڕ كردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان و پارتە سیاسییەكانی بە یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستی دانوستان لەگەڵ بەغدادا بكەن و چاوەڕوانی هەڵوێستی ئەرێنی لە لایەنەكان‌ دەكەن لە پێناوی ‌بنیاتنانی حوكمڕانییەكی تەندروست لە عێراقدا كە ڕێز لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگرن". پڕفیسۆر ستانسفیڵد، كە سەرۆكی بەشی لێكۆڵینەوەی زانستی بووە لەسەر پرسە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئێكسێتێر و ئەندامی ئەنجوومەنی شاهانەیە، هەروەها جوگرافیایناس و ئاكادیمیستە لە زانستی كۆمەڵایەتیی بەریتانیایە و ئەندامی باڵای پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیای دەزگای ناسراوی چاتم هاوسە، خاوەنی چەندین پەرتووك و لێكۆڵینەوەی زانستی و ئاكادیمی و سیاسی و ستراتیژییە لەسەر كورد و پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی.

لەو سەردانەیدا، پڕۆفێسۆر ستانسفێڵد، پێشبینیی و بۆچوونی خۆی سەبارەت بە پرسی كورد و پێشكەوتنی سیاسی و ستراتیژی ناوچەكە بە گشتی و بووژانەوەی ئابووری و هەوڵە دیپلۆماسیەكانی حكوومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستانی لە ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی بۆ چارەكردنی ناكۆكییەكان و جێبەجێكۆدنی دەستوور، خستە ڕوو.

بەڕێز گاریس، كە بۆ لیكۆڵینەوە لە دواپێشهاتەكان و ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر پەرەسەندنە سیاسییەكان لە ناوچەكەدا و بە تایبەتی دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان لە عێراق و لێكۆڵینەوە لە باری ئاساییش و سەقامگیری و ڕەهەندە سیاسی و ستراتیژی لە دوای تێكشكاندنی داعش لە كوردستان و ناوچەكە، لە كوردستانە، لە لیكۆڵینەوەكانیدا دەیەوێت كاریگەرییەكانی ئەنجامدانی رێفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و هەوڵەكانی حكوومەتی ناوەندی دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا لە رێگەی پەنابردنە بەر پەلاماری سەربازی بۆ سەر هەرێم، بە ئاكادیمیانە شی بكاتەوە.

جێی باسە، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و پڕۆڤیسۆر ستانسفیڵد، پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كورد و هەرێمی كوردستانیان خستە بەر باسەوە و، ستاسڤیڵد ڕوونی كردەوە كە كێشە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لای ئەو تایبەتمەندیی خۆی هەیە و كار لەسەر لێكۆڵینەوەیەكی سیاسی و ستراتیژی و ئاكادیمیی تازە دەكات لەم رووەوە، ئێستایش ئامادەكاری بۆ نووسینی پەرتووكێكی نوێ دەكات لەسەر مێژوو و سیاسەتی هاوچەرخی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و بە تایبەتی ڕۆڵی بارزانیی نەمر.
kdp-
Top