خانەقین.. بۆ گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگە مانگرتنی سەرتاسەری ئەنجام دەدرێت
ئەمڕۆ سێشەممە 19\6\2018، لە راگەیاندراوێکدا، لە شاری خانەقین، کە وێنەیەکی دەست کەوتووە، تێدا هاتووە: ”وەك ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەو دۆخە نائەمنیەی پاش 16ی ئۆكتۆبەر باڵی بەسەر شاری خانەقین دا كێشاوە و بەتایبەتیش لەو دوو مانگەی كۆتاییدا، لێرەو لەوێ بۆمبی چێندراوە لەسەر ڕێگەی هاووڵاتییانی گوندنشینی دەوروبەری شار دادەنرێتەوە و بەو هۆیەوە چەندین هاووڵاتی بونەتە قوربانی“.
لە راگەیاندراوەکەشدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە هاووڵاتییانی شاری خانەقین بڕیاریان داوە ڕۆژی پێنج شەممە 21\6\2018، مانگرتنی سەرتاسەری ڕابگەیەنن و كەس نەچێتە سەر كارەكەی، دوكان و بازاڕیش ناكرێتەوە.
جەختیش لەوە کراوەتەوە، ”لەهەمان كاتیشدا داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ دەوروبەری شاری خانەقین دەكەین“.
باسنیوز
