گردبوونەوەی ناڕەزایی چین و توێژەکانی ئێران بەردەوامن

 گردبوونەوەی ناڕەزایی چین و توێژەکانی ئێران بەردەوامن
سەدان کەس لە مامۆستایانی خانەنشینکراو و فەرمانبەران لە تاران لەبەردەم وەزارەتەکانی پەروەردە و ئابووری کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئیران دوێنێ سێشەممە سەدان کەس لە مامۆستایانی خانەنشینکراو و فەرمانبەرانی کۆمپانیای "هاوبەشەی عەداڵەت" بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە بەردەم هەر یەک لە وەزارەتەکانی پەروەردە و ئابووریی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزاییان بەڕێوە بردووە.

ئەو مامۆستا ناڕازیانە کە هەموویان لە کۆتایی ساڵی خوێندنی 2016 -2017دا خانەنشین کراون، باسیان لەوە کردووە هێشتا پارەی کۆتایی خزمەتەکەیان وەرنەگرتووە، هەروەها کرێکارانی کۆمپانیای (سەهامی عەداڵەت) کە لە شارەکانی سەرتاسەری ئێراندا بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لەبەردەم بینای وەزارەتی ئابووری کۆ ببوونەوە، بۆ ماوەی ٣٩ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

مامۆستایانی ناڕازی کە بە نوێنەرایەتی هەموو مامۆستایانی خانەنشینکراو، بەشداریی ئەو خۆپیشاندانەیان کردبوو، خوازیاری ئەوە بوون لە کورتترین ماوەدا کێشەکانیان چارەسەر ببن و پارەی کۆتایی خزمەتیان پێ بدرێت، هەروەها ئەوان بە واژۆکردنی داواکارییەکی گشتی، داوایان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە هەتا زیاتر لەوە پارەی ئێران سووکتر و بێبایەختر نەبووە، داواکارییەکانیان بەرچاو بگیردرێت.

هاوکاتا کارمەندانی کۆمپانیای سەهامی عەداڵەت، لە بەردەم وەزارەتی ئابووریدا کۆ ببوونەوە، باسیان لەوە کردووە، کە زیاتر لە ١٢ ساڵە کار بۆ ئەو کۆمپانیایە دەکەن، بەڵام هێشتا داهاتووی کارییان ڕوون نییە و هیچ گەرەنتییەکیان نییە.

مامۆستایانی خانەنشینکراو و کارمەندانی شیرکەتی سەهامی عەداڵەت، بە هەڵگرتنی لافیتە و نووسینی نامە و واژۆ کردنی داواکارییەکانیان، هەوڵیان داوە هەتا قسە و کێشەکانی خۆیان بە گوێی بەرپرسان بگەیەنن.

کۆمپانیا هابەشەکانی عەداڵەت ساڵی 2015، لە لایەن دەوڵەتەوە دراون بە کەرتی تایبەت، کە لەو کاتەوە هەتا ئێستا کە ٣٩ مانگ دەخایەنێت، هیچ جۆرە پارەیەک بە کارمەندانی ئەو کۆمپانیایە نەدراوە و ئێستا نە دەوڵەت و نە کەرتی تایبەت لەو بارەوە خۆیان بە بەرپرسیار نازانن، لە لایەکی دیکەدا پێشتر وەزارەتی ڕاهێنان و بارهێنان ڕای گەیاندبوو، کە بە هۆی کەمی بوودجە، توانای دانی پارەی کۆتاییی خزمەت بە مامۆستایانی خانەنشینکراوی نەماوە.

داڕمانی ئابووری و مایەپووچی بونیاتە ئابوورییەکانی حکوومەتی ئیران، هەروەها کشانەوەی کۆمپانیا و بانکە بیانییەکان لە ئێراندا، تا دێت کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن.









باسنيوز
Top