پارتی: بەهۆی فشاری گرووپێکی سیاسیی خۆسەپێن لە دەڤەری سلێمانی خەڵکێکی زۆر دەڤەرەکەیان جێهێشتووە

 پارتی: بەهۆی فشاری گرووپێکی سیاسیی خۆسەپێن لە دەڤەری سلێمانی خەڵکێکی زۆر دەڤەرەکەیان جێهێشتووە
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند، لەسەرەتای دروستبوونی قەیرانی داراییەوە تاوەکوو ئێستا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی لە هەوڵدا بوون.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەی ڕوون کردووەتەوە: “ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی، درک بە ماندوێتیی ھاونیشتیمانییانی خۆمان دەکەین و لەگەڵ داوا ڕەواکانیانین، سوپاسی خۆڕاگرییان دەکەین، بە ھەموو لایەکیشی ڕادەگەیەنین، لە سەرەتای درووستبوونی قەیرانەکەوە تا ئێستا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆداین، تا بە ھەموومان بتوانین ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ ئەو کێشانە بدۆزینەوە”.

هاوکات ئەوە ئاشکرا کراوە کە “بەھۆی فشاری زۆری گرووپێکی سیاسیی خۆسەپێن، لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و دەڤەرەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، مامۆستایان و فەرمانبەران، پەنایان بۆ بایکۆت و پەکخستنی پرۆسەی خوێندن و کاروباری یەکە ئیدارییەکان بردووە، بەو ھۆیەیشەوە ھاونیشتیمانییان تووشی کێشە ھاتوون و ناتوانن وەک پێویست کاروبارە ئیدارییەکانییان ڕابپەڕێنن، ھەروەھا مەترسی لەسەر چارەنووسی زیاتر لە (750) ھەزار قوتابی درووست بووە، لە ناویشییاندا ئەو قوتابییانەی کە لە پۆلی (12)ی ئامادەیین”. باسیش لەوە کراوە: “ئەو گرووپە سیاسییە خۆسەپێنە، لە ڕێگەی ھەوڵدان بۆ لەکەدارکردن و ناشیرینکرنی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە بەڕێزانەی کە نایانەوێت بچنە ژێرباری داواکارییەکانیان، ھەوڵی بەردەوامیدان بە بایکۆت دەدەن، ئەگینا لای ھەموو کەس ئاشکرایە کە مامۆستایان و فەرمانبەرە بەڕێزەکان، درک بە سەختی قۆناغەکە دەکەن، ھیچ کاتێک ئامادەنین پشت لە وڵات و حکومەتی خۆیان بکەن و ویستی زیانگەیاندنیان بە پرۆسەی خوێندن و کەرتی حکومی ھەرێمەکەمانیان نییە”.

فراکسیۆنی پارتی دووپاتی کردووەتەوە: “ئەو گرووپە سیاسییە خۆسەپێنە، ئامانجییان ھەرچییەک بێت، تەنھا زیان بە کۆمەڵگە و سیستەمی پەروەردە و کەرتە حکومییەکان دەگەیەنن و ھاونیشتیمانیان زیانمەندی یەکەمی ئامانجەکانییانن، چونکە بەھۆی فشارەکانییان بۆ بەردەوامیی بایکۆت، ژمارەیەکی زۆری ھاونیشتیمانییانی ئەو دەڤەرانە، لە پێناو چارەنووسی منداڵەکانییان و نەفەوتاندنی خوێندن و ماندووبوونییان، دەڤەرەکانییان بەجێھێشتوون، لە کاتێکدا پێشتر ھەرێمی کوردستان بە ئەزموونی سەختردا تێپەڕیووە، بەڵام ھیچ کاتێک ھەوڵی پەکخستنی خوێندن و دامودەزگە ئیدارییەکان نەدراوە، تا زیان بە پرۆسەی خوێندن و کاروباری ھاونیشتیمانییان نەکەوێت، بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان لە ساڵی (1991) بەڵگەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن”.

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:

بەھۆی ئەو ھاوکێشە سیاسی و سەربازی و ئابوورییانەی لە ناوچەکە و جیھان ھاتنە پێشەوە، ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی ئابووری بووەوە، ئەمەیش ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی قورسترکرد و بەبێ جیاوازیش ڕەنگدانەوەی بەسەر ژیانی ھاووڵاتییان و موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەبووە.

ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، درک بە ماندوێتی ھاونیشتیمانییانی خۆمان دەکەین و لەگەڵ داوا ڕەواکانیانین، سوپاسی خۆڕاگرییان دەکەین، بە ھەموو لایەکیشی ڕادەگەیەنین، لە سەرەتای درووستبوونی قەیرانەکەوە تا ئێستا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆداین، تا بە ھەموومان بتوانین ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ ئەو کێشانە بدۆزینەوە.

بەڵام بە داخەوە بەھۆی فشاری زۆری گروپێکی سیاسی خۆسەپێن، لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و دەڤەرەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، مامۆستایانی بەڕێز و فەرمانبەرانی خۆشەویست پەنایان بۆ بایکۆت و پەکخستنی پرۆسەی خوێندن و کاروباری یەکە ئیدارییەکان بردووە، بەو ھۆیەیشەوە ھاونیشتیمانییان تووشی کێشە ھاتوون و ناتوانن وەک پێویست کاروبارە ئیدارییەکانییان ڕابپەڕێنن، ھەروەھا مەترسی لەسەر چارەنووسی زیاتر لە (750) ھەزار قوتابی درووست بووە، لە ناویشییاندا ئەو قوتابییانەی کە لە پۆلی (12)ی ئامادەیین.

ئەو گروپە سیاسییە خۆسەپێنە، لە ڕێگەی ھەوڵدان بۆ لەکەدارکردن و ناشیرینکرنی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە بەڕێزانەی کە نایانەوێت بچنە ژێرباری داواکارییەکانیان، ھەوڵی بەردەوامییدان بە بایکۆت دەدەن، ئەگینا لای ھەموو کەس ئاشکرایە، کە مامۆستایان و فەرمانبەرە بەڕێزەکان، درک بە سەختی قۆناغەکە دەکەن، ھیچ کاتێک ئامادەنین پشت لە وڵات و حکومەتی خۆیان بکەن و ویستی زیانگەیاندنیان بە پرۆسەی خوێندن و کەرتی حکومی ھەرێمەکەمانیان نییە.

ئەو گروپە سیاسییە خۆسەپێنە، ئامانجییان ھەرچییەک بێت، تەنھا زیان بە کۆمەڵگە و سیستەمی پەروەردە و کەرتە حکومییەکان دەگەیەنن و ھاونیشتیمانیان زیانمەندی یەکەمی ئامانجەکانییانن، چونکە بەھۆی فشارەکانییان بۆ بەردەوامی بایکۆت، ژمارەیەکی زۆری ھاونیشتیمانییانی ئەو دەڤەرانە، لە پێناو چارەنووسی منداڵەکانییان و نەفەوتاندنی خوێندن و ماندووبوونییان، دەڤەرەکانییان بەجێھێشتوون، لە کاتێکدا پێشتر ھەرێمی کوردستان بە ئەزموونی سەختردا تێپەڕیووە، بەڵام ھیچ کاتێک ھەوڵی پەکخستنی خوێندن و دامودەزگە ئیدارییەکان نەدراوە، تا زیان بە پرۆسەی خوێندن و کاروباری ھاونیشتیمانییان نەکەوێت، بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان لە ساڵی (1991) بەڵگەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

5/12/2016




باسنیوز
Top