ئەنەکەسە: پەیەدە دەیەوێت شەڕی براکوژی دروست ببێت

 ئەنەکەسە: پەیەدە دەیەوێت شەڕی براکوژی دروست ببێت
سکرتێری ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)ی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵ دەدات لە شەڕی براکوژیان بگلێنێت.



ئەمڕۆ دووشەممە 5\12\2016، ئیبراهیم برۆ، سکرتێری ئەنەکەسە ڕای گەیاندووە: ”پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا تەنیا چەکی لەدەستدایە و دەیەوێت ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیش ڕابکێشێت بۆ شەڕی براکوژی، بۆیەشه‌ بەردەوام کێشە دروست دەکەن تاوەکوو شەڕ ڕوو بدات و ھەرچەند خەڵک بکوژرێن، به‌لایانه‌وه‌ ھیچ کاریگەرییەکی نییە“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پەیەدە دەزانێت ئەنەکەسە خەباتی مەدەنی دەکات و خۆپیشاندانی ئاشتییانە ئەنجام دەدات. گوتیشی: ”كاتێك دەچینە دەرەوە، بۆ نموونە لەمساڵدا 10 وڵات گەڕاوین، لەوانەش ئەمەریکا و ڕووسیا و چەندین چاوپێکەوتنمان ئەنجام داون و له‌ دانوستانه‌كانیشماندا كه‌ ئێمە کردەوەکانی ئەوان بۆ وڵاتان باس دەکەین، کاریگەریی زۆری لەسەر ئەوان دەبێت، بۆیە کاتێکیش خۆپیشاندان دەکەین، ڕێگە دەگرن، چونکە دەزانن خەڵک ئەمە قەبووڵ ناکات“.



برۆ ئەوەشی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕوون کردووەتەوە: “کاتێک تەرمی شەهیدێکی پێشمەرگە دەچێتەوە ڕۆژئاوا، بە ھەزاران کەس دەچنە پێشوازی، بەڵام بۆ ئەوان 100 کەس ناچێت، بۆیە بەمە تێکدەچن و ڕێگە بەو کارە نادەن”.

لە کۆتاییشدا سەرۆکی ئەنەکەسە ڕای گەیاندووە: “ئێستا پەیەدە ھەموو ھەوڵێک لەگەڵ ئێمە دەدات، بۆ ئەوەی ئێمە ڕابکێشن بۆ شەڕی براکوژی و ڕۆژێک دابێت ئێمە ناچار بکەن، به‌ڵام ئێمە ھیوادارین نەگەینە ئەو ڕۆژە و شەڕێکی لەوشێوەیە ڕوو نەدات”.








باسنیوز
Top