نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی فەرەنسی ڕەوشی عێراق و داھاتووی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی فەرەنسی ڕەوشی عێراق و داھاتووی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن


نیوەڕۆی ئەمڕۆ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە "پاتریک کرم" جێگری سەرۆکی ھەرێمی "ئێل دوو فرانس"ی فەرەنسی و شاندێکی دیپلۆماسیی یاوەری کرد.



لە دیدارێکدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردان و پێشکەوتنەکان و پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە ھەرێمی کوردستان دەربڕی، ئاماژەیان بەوەش دا کە بەرگریی پێشمەرگە لە ھەموو پێکھاتەکان بێ جیاوازی بەتایبەتی لە کریستیان و ئێزدییەکان، جێگەی شانازیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.



لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان تیشکیان خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و پڕۆژەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی دوای ئازادکرنەوەی مووسڵ و شێوەی پەیوەندییەکانی داھاتووی ھەولێر لەگەڵ بەغدا، ئایندەی ئەو پێکھاتانەی لە ناوچەکە دەژین، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، دابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان.



لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حکوومەتی فەرەنسا و ھاوپەیمانانی کرد بۆ ھاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانیان بۆ ھەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش دا خەڵک و پێشمەرگەی کوردستان لە بەرامبەر تیرۆرستانی داعش توانیان بەرگری لە کوردستان و ھەموو پێکھاتەکان و جیھانی ئازاد و بنەماکانی مرۆڤایەتی بکەن. دووپاتیشی کردەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دژی ئەوەیە پێکھاتە جیاوازەکان کە ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژووییان لەو وڵاتە ھەیە، وڵاتی خۆیان جێبھێڵن، بەڵکو دەبێت بەردەوام بن لەسەر پێکەوەژیانی برایانە کە کوردستان شانازییەکی گەورەی پێوە دەکات و لەمبارەیەشەوە داوای لە شاندی فەرەنسی کرد ھاوکار بن.



لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە بابەتی سەربەخۆیی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە گەلی کوردستان وەک مافێکی ڕەوای خۆی سەیری سەربەخۆیی دەکات. لەمبارەیەشەوە دووپاتی کردەوە کە پێویستە لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بەغدا دیالۆگ بکرێت. جەختی لەوەش کردەوە کە چەند ساڵی ڕابردوو ئەولەویەتی ھەرێمی کوردستان شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بووە، بەڵام دوای نەمانی داعش پێویستە گفتوگۆی زیاتر لەسەر بابەتی حکومڕانی و داھاتووی عێراق بەگشتی بکرێت بۆئەوەی ھەموو پێکھاتەکان بتوانن لەم چوارچێوەیەدا بژین.



سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و کێشە ناوخۆییەکانیش، نێچیرڤان بارزانی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و کێشە ناوخۆییەکانی بە گفتوگۆ و دیالۆگ، دووپات کردەوە و لەمبارەیەوەش ڕۆڵی ئەرێنیی فەرەنسای لە پشتگیریی یەکڕێزی خەڵکی کوردستان بەبیرھێنایەوە.



تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە ڕەوشی ناوچەکە و دوا پێشھاتەکانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
PAYAMNER-
Top