سەرۆكی نوێی نەمسا هەڵبژێردرا

 سەرۆكی نوێی نەمسا هەڵبژێردرا
لەهەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی نەمسادا كاندیدی پارتی سەوزەكان سەركەوتنی بەسەر كاندیدی پارتی ئازادی نەمسا بەدەست هێنا، ئەوەش دوای دووبارەكردنەوەی خولی دووەمی هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نەمسا بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی لەناوەڕاستی ئەمساڵدا دادگای ئەو وڵاتە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشووی رەتكردەوە بەهۆی گومان لەپاكێتی هەڵبژاردنەكە.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، كاندیدی سەربەخۆی پاڵپشتیكراو لەلایەن پارتی سەوزەكانەوە ئەلیكساندەر ڤان دێر بێللن 53.6%ی دەنگەكانی مسۆگەركردوەو سەركەوتنی بەسەر ركابەرەكەی لەپارتی ئازادیی تۆماركردوە كە ئەمەی دووەمیان 46.4%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.

هەرچەندە چاوەڕوان نەدەكرا كە ئەنجامەكان تا سبەینێ ئاشكرا بكرێن، بەڵام پارتی ئازادی بەفەرمی دانی بەشكستی كاندیدەكەیاندا نا لەهەڵبژاردنەكەدا، كە كاندیدێكی ڕاستڕەوبووەو بەشێكی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی لەسەر بنەمای دژایەتیكردنی كۆچبەران بنیات نابوو.

ئەلیكساندەر ڤان دێر بێللن تەمەنی 72 ساڵەو بەسیاسەتمەدارێكی لیبراڵ هەژماردەكرێت‌و تا ساڵی 2008 ڕابەری پارتی سەوزەكان بووە. بەهەڵبژاردنی بەسەرۆكی نەمسا دەچێتە شوێنی سەرۆكی ئێستای ئەو وڵاتە هاینز فیشەر كە لەساڵی 2004ەوە سەرۆكی ئەو وڵاتەیە.
XENDAN-
Top