شەڕی سەخت لەحەلەب بەردەوامەو ئۆپۆزسیۆن داوایەكی كشانەوە رەتدەكاتەوە

شەڕی سەخت لەحەلەب بەردەوامەو ئۆپۆزسیۆن داوایەكی كشانەوە رەتدەكاتەوە
هێرشی سەختی سوپای سوریا بۆ سەر بەشی رۆژهەڵاتی حەلەب بەردەوامەو چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانیش داوایەكی ڕوسیا لەڕێی ئەمەریكاوە بۆ كشانەوە لەو شارە رەتدەكەنەوە، هەرچەندە فەرماندە باڵاكەشیان برینداربووە.

ئەو هێرشەی سوپای سوریا چەند هەفتەیەكە دەستی پێكردوە بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی بەشی رۆژهەڵاتی شاری حەلەب بەردەوامەو هێزەكانی حكومەتەكەی بەشاری ئەسەد بەردەوامن لەپێشڕەوی.

روسیا كە بەهێزی ئاسمانی پاڵپشتی لەدەسەڵاتەكەی ئەسەد دەكات، رۆژی شەممە رایگەیاند كە ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریكادا قسە بكات لەبارەی كشانەوەی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لەبەشی رۆژهەڵاتی حەلەب.

زەكەریا مەلاهجیفجی كە بەرپرسێكی باڵای ئۆپۆزسیۆنی سوریای نیشتەجێی توركیایە لەوبارەیەوە بەرۆیتەرزی راگەیاندوە ئەوان بەئەمەریكایان وتووە كە شارەكە جێناهێڵن.

"بەرپرسانی ئەمەریكا لێیان پرسین كە ئایا ئێمە دەمانەوێت شارەكە جێبهێڵین یاخود بمێنینەوە. وەڵامی ئێمەش ئەوە بوو كە ناتوانین شارو ماڵەكانمان جێبهێڵین بۆ ئەو چەكدارە بەكرێگیراوانەی بەشار ئەسەد بۆ حەلەبی هێناون."

لەبارەی وەڵامی ئەمەریكاشەوە ئەو بەرپرسەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایگەیاندوە كە ئەوان گوێیان لەوەڵامەكە گرتووەو هیچ سەرنجێكیان نەداوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كردوە كە دووبارە داوای كردنەوەی ڕاڕەوێكی مرۆییان كردوە بۆ گەیاندنی خواردن‌و پێداویستی تەندروستی بۆ بەشی رۆژهەڵاتی حەلەب‌و گواستنەوەی بریندارەكان.

لەكاتێكدا ڕوسیاو ئێران لەهاوكاریی سەربازی‌و ماددی رژێمی سوریا بەردەوامن، هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا ئاماژەبەوەدەكەن كە پاڵپشتە نێودەوڵەتییەكانیان لەنێویاندا ئەمەریكا دەستبەرداریان بوون لەو شارە گەمارۆدراوەدا.

گرتنەوەی تەواوەتی شاری حەلەب گەورەترین سەركەوتنی سەربازیی رژێمەكەی بەشار ئەسەد دەبێت لەسەرەتای دەستپێكردنی ئاڵۆزییەكان لەساڵی 2011 وە كە بەهۆیەوە حكومەتی ناوەندی بەشێكی زۆری خاكی سوریای لەدەستدا.
XENDAN -
Top