پەرلەمانتارێك: بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان تەنها كێشەی سیاسیمان هەبووە
د. فرسەت سۆفی، یاساناس و ئەندام پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: "بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئێستا گونجاوترین كاتە، هەر بۆیەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەوڵەكانی بۆ لێك نزیك كردنەوەی حزب و لایەنەكان و یەكخستنەوەی ماڵی كورد بەردەوامە، تەنانەت چەندین جار ڕایگەیاندووە خۆتان ڕێك بكەون و كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دیاری بكەن، كێشەكانی پەرلەمان و حكوومەتیش چارەسەر بكەن".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بەپێی هەموو بڕگەی یاسایە نێودەوڵەتییەكان، ڕێگرییەك لەسەر مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردستان نییە و مافی خۆمانە داوای دروستكردنی دەوڵەت بكەین، بەڵام بەداخەوە دوای زیاتر لە100 ساڵ خەبات تێكۆشان، تا ئێستا ئەو مافە لەڕووی یاساییەوە كێشەمان نییە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ئەو مافە بۆ كوردستان نەبینراوە، هەر ڕۆژە و بە پاساوێك و بیانویەك ڕێگریی لێ كراوە".
گوتیشی: "دەكرێت ئێمە خۆمان داوای مافی ڕەواكانی خۆمان بكەین، چونكە بۆ سەربەخۆی كوردستان كەس فەرشی سوورمان بۆ ڕاناخات، بەڵكوو دەبێت خۆمان هەوڵی بۆ بدەین و ئەو دەرفەتەی هاتووەتە ئاراوە لەدەستی نەدەین".
باسنیوز
