له مەریوان دووکانی چاڵاکوانێکی ژینگەپارێز سووتێندرا
بەپێی هەواڵ و زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەتا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە چ کەس یان کەسانێک ئەو کارەیان کردووە.
شەریف باجوەر، چالاکوانی ناسراوی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان و بەڕێوەبەری کۆمیتەی پاراستنی ئاژەڵانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانە.
سێ هەفتە لەمەوبەر ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لە بەرانبەر کوشتنی ئاژەڵان و بەتایبەت کوشتنی سەگێک لە شاری (سەلاسی باوەجانی)ی، لە هەڵوێستیکدا بە مانگرتن لە خواردن و بەپێ لە شاری مەریوانەوە گەیشتە سەلاسی باوەجانی و ئەم هەواڵە لە ئاستی ئێران و کوردستاندا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.
لە کاتی دەسپێکی ئەو چالاکییە مرۆیی و ژینگەپارێزییەدا شەریف باجوەر، لە گوندی دزڵی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا و پاشان لەلایەن چەند مەلایەکیشەوە لە مزگەوتەکان و بەتایبەت بەرنوێژ و ئیمام جومعەی شاری پاوەوە دژایەتیی ئەو کارەی شەریف باجوەر کرا.
باسنيوز
