شاندێكی به‌ریتانی دوا په‌یامی بارزانی به ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی پۆزه‌تیڤ ناو دەبات
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 3/11/2016 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له ڕۆری ستیوارت، وه‌زیری ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا، بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی و شاندێكی یاوه‌ری كه له فرانك بێكه‌ر، باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق و كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكار و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تیی به‌ریتانیا، كرد.
له دیداره‌كه‌دا ستیوارت، وه‌زیری ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا، بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی، خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و له‌نده‌ن ده‌ربڕی، هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی له پێشوازیكردن و دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی پێویست بۆ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر، پێش و دوای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، به‌رز نرخاند و هیوای خواست كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاوكاریی زیاتری هه‌رێمی كوردستان بكات، چونكه قه‌یرانێكی قوڵی دارایی به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه.
دواتر باسی له هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له بواره جیاجیاكان كرد، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ده‌كرێ له چه‌ندین بواردا هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش، دوا په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆییه‌كان، به ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی پۆزه‌تیڤ ناوزەد كرد، هاوكات پاڵپشتیی وڵاته‌كه‌شی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به ڕێگه‌ی دیالۆگ نیشان دا.
لای خۆیه‌وه، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و هاوكارییه به‌رده‌وامه‌كانی به‌ریتانیا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد، كه هه‌ر له سه‌ره‌تای هێرش و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، له ڕووی سه‌ربازی و مرۆییه‌وه هاوكار بوون و هیوا خواست هاوكارییه‌كانیان به‌رده‌وام بێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه به‌ریتانیا به‌شێكی گرنگیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دژی داعش بووه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و له‌نده‌نی دووپات كرده‌وه و جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه هه‌ولێر ئاماده‌یه ته‌واوی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا به ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكات و به شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ بدرێت فۆرمۆلێكی نوێ بدۆزرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوو و پێكه‌وه‌ژیان له عێراق دابین بكات و متمانه له نێوان پێكهاته جیاجیاكان دروست ببێته‌وه، به‌تایبه‌ت بۆ ئه ئاوارانه‌ی له ده‌شتی نه‌ینه‌وا كه ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان.
تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندار به ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌وه، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.
باسنيوز
