سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە برێت مەکگۆرک کرد

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە برێت مەکگۆرک کرد
سەڕۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد.

ئەمڕۆ شەممە 3ـی 12ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە برێت مەكگورك نێردەی تایبەتی باراک ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد کە لە دۆگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، کێن گرۆس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار پێکهاتبوو.

لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش، سوپاس و پێزانینی ئەمەریكای بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و سەركردایەتیكردنی شەڕ و دەستپێشخەرییەكانی سەرۆك هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە و دەستخۆشیی لە بارزانی کرد بۆ سەرکردایەتیکردنی شەڕی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانی کرد.

هەر لەم دیدارەدا باس لە بەرەوپێشچوونەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ كرا و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان لە پارێزگای نەینەوا تاوتوێ كرا و نوێنەری ئۆباما خۆشحاڵیی خۆی بەو هەماهەنگی و هاوکارییە پتەوەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق خستەڕوو کە لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵدا هاتە ئارا و ڕایگەیاند کە ئەوە بەرهەمی پێشنیار و بۆچوونەکانی بارزانی بووە و بۆتە هەوێنی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و جەخت لەسەر هەماهەنگی و ڕاوێژی بەردەوامی هەردوولا کرایەوە.













باسنيوز
Top