رۆژنامەی فەرمیی یەکێتی ھێرش دەکاتە سەر گۆڕان
رۆژنامەی کوردستانی نوێ لە ژمارەی رۆژانی ھەینی-شەممە ٢/٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ لە وتارێکدا لە ژێر ناونیشانی ”سلێمانی جاران وانەبوو“، ئاماژەی بەوە کردووە، ”لەم چەند ساڵەی دوایی، لە سلێمانی نەوەیەکی ھەڵپەرست پەروەردە کرا، کە رۆبۆت ئاسا ئاراستە دەکرێ“.
ھەروەک لە وتارەکەدا باسکراوە، بزووتنەوەی گۆڕان لەم چەند ساڵەی دواییدا ھەوڵی داوە ئەوە بسەپێنێت، کە ئەوەی وەک ئەوان بیر بکاتەوە ئەوا پاکە و ”ئەوانی دیکە خەتابار و نەشیاو و نالەبارن“.
ئەو نەوەیەی گۆڕان پەروەردەی کردووە، ”ئامادەبوو دەست بخاتە ناو دەستی مەترسیدارترین تووشبووانی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بۆ بەدیھێنانی ھەندێک ئامانجی بچووکی کاتی“.
بەپێی وتارەکەی کوردستانی نوێ، ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئەو نەوەیەی گۆڕان پەروەردەی کردوون بەرچاویان رۆشن بووە و ”دەزانێ ئەو رووناکییەی ھیوایان لەسەر ھەڵچنی بوو، تەنیا بۆ رووناککردنەوەی بەرپێی ھەندێک بەرژەوەندیخواز بەکاربرا“.
نووسەری وتارەکە پێیوایە سەرکردە و ھەڵسوڕاوانی گۆڕان لەبارەی پرسی داھاتی سلێمانی و چۆنێتیی دابەشکردنی، ”دەستی خەتا بەسەر گەردن و یەخەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی دەسڕن“ و بێ ئاگان لەوەی، ”چەند قاشیان لەبەر دەستە لە کێکی دەسەڵاتی ئەم شارە“.
باسنيوز
