پەرلەمانتارێک: گۆڕان نەیتوانی سلێمانی بخاتەوە سەر بەغدا ئێستا هەوڵی گرێدانەوەی کەرکووک دەدات

 پەرلەمانتارێک: گۆڕان نەیتوانی سلێمانی بخاتەوە سەر بەغدا ئێستا هەوڵی گرێدانەوەی کەرکووک دەدات
پەرلەمانتارێکی کورد ئاماژە بەوە دەکات کە بیرۆکەی گرێدانەوەی سلێمانی بە بەغدا سەری نەگرتووە و ئێستا بیرۆکەی گەڕاندنەوەی کەرکووک بۆ بەغدا هاتوەتە ئاراوە.

پاش ئەوەی ئاڵا تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕای گەیاند، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و تێیدا عەبادی بەڵێنی داوە، لەبەرامبەر ڕادەستکردنی نەوتی کەرکووک بە بەغدا، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجەی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت. شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “لە دیداری لێژنەی داراییدا عەبادی گوتی، ڕێککەوتنی نەوتیمان هەیە، کێشەی دیکە دروست ناکەین، جگە لەوە نەوتی کەرکووک ئێستاش بۆیان دەڕوات، ئەی بۆ مووچە نادەن؟”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: “عەبادی باش دەزانێت ئاڵا تاڵەبانی لەدژی ئەو کار دەکات، ئەی بۆچی ئەو قسەیە بە نێچیرڤان بارزانی ناڵێت؟ بۆ بە کاک مەسعود بارزانی ناڵێت؟”. ڕەتیشی کردەوە کە هیچ بیرۆکەیەک لە دەرەوەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا قەبوڵ بکرێت.

شاخەوان عەبدوڵا ئەوەشی خستە ڕوو: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ (2-12-2016) نووسراوێکی بۆ ناردووین، لەو نووسراوەدا هاتووە، ئەگەر هەردوولا پابەند نەبن بە جێبەجێی کردنی ڕێککەوتنەکە، ئەوکاتە پەنا دەبەنە بەر دادگای فیدراڵیی عێراق، ناو هێنانی کەرکووک لە کەس قبوڵ ناکرێت، چونکە ئێمە دەزانین لەکوێوە ئەو دۆسیەیە دەجوڵێنرێت”.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئامانج لەم بیرۆکەیە پیلانێکە لە دژی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: “سەری بابەتەکە بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەوان نەیانتوانی سلێمانی ڕاستەوخۆ بە بەبەغداوە ببەستنەوە، ئێستا یاری لەسەر کەرکووک دەکەن، دڵنیاشم خەڵکی کەرکووک لێیان قەبووڵ ناکەن و دەڕژێنە سەر شەقام، دڵنیاشین گۆڕان لەبن گوێی ئاڵا تاڵەبانی وروژاندووە و و ئەو بیرۆکەیە هی نووری مالیکی و دەوڵەتی یاسایە".












باسنیوز
Top