پەیەدە ئاڵای كوردستانی سووتاند
هێزەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی لە شاری ئاموودە هێرشیان کردە سەر نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لەسووریا (ئەنەکەسە) و ئاڵای کوردستانیان سووتاند
محەممەد شوێش، ئەمینداری گشتیی ئەنەكەسە لە ئاموودە، هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و ڕایگەیاندوووە "ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی سەر بە پەیەدە، هەڵیانكوتاوەتە سەر نووسینگەی ئەنەكەسە".
ناوبراو باسی لەوە كرد هێزەكانی سەر بە پەیەدە ئاڵای كوردستانیان لەسەر بارەگای ئەنەكەسە داگرتووە و سووتاندوویانە، پاشان دەرگا و پەنجەرەی بارەگاكەیان شكاندوون و زیانی ماددییان پێگەیاندووە.
هاوكات عەبدولرەحمان عەبتان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا (پەدەکەسە)، لە تویتێكدا هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و جەختی لەوەش كردەوە ئاڵای كوردستانیان سووتاندووە.
رۆژی هەینی 2-12-2016 ، لە شاری قامشلۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) خۆپێشاندانێكی جەماوەری رێكخست بۆ شەرمەزاركردنی دەستگیركردنی سەركردەكانی و زیندانیكردنیان لە بەندیخانەكانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموكراتیك، پاشان لایەنگرانی پەیەدە گردبوونەوەیەكیان رێكخست و گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوولا دروستبوو، ئاسایشی رۆژئاواش بڵاوەی بە خۆپێشاندەران كرد و تەقەشی لە خۆپێشاندەران كرد.
بەپێی زانیارییەكان لە قامشلۆ "بەهۆی تەقەكردنی ئاسایش پێنج خۆپێشاندەر بە گوللە برینداربوونە، ژمارەیەكیشان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون".
هەر رۆژی هەینی، ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان هێرشی كردە سەر نووسینگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا و پارتی یەكێتی كورد -سووریا، كەلوپەلەكانی شكاندن و زیانی پێگەیاندن.
تاوەكو ئێستا 30 سەركردە، ئەندام و چالاكڤانی سەر بە ئەنەكەسە لەلایەن ئاسایشی رۆژئاوای كوردستانەوە دەستگیركراون و لە بەندیخانەكانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموكراتیك زیندانیكراون، جگە لەوەی دەیانیان رەوانەی باشووری كوردستان كراون.
خۆر
