ئه‌نه‌كه‌سه: په‌یه‌ده وه‌ك ڕژێمی به‌عس مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كات
به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه، له هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه به‌وه ده‌دات كه پارتی یه‌كێتیی دیموكرات (په‌یه‌ده) به‌بێ هۆكار ئه‌ندامه‌كانمان ده‌ستگیر ده‌كات و ده‌ستی كردووه به تاكڕه‌وی له ڕۆژئاوای كوردستان.
خالد عه‌لی، به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه له هه‌رێمی كوردستان، به (باس‌نیوز)ی ڕاگه‌یاند: "چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كمان له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه ده‌ستگیركراون، دواتر به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ یاسا و دادگا ئازادیان كردووه، هه‌روه‌ك چۆن به‌بێ دادگا ده‌ستگیریان كردوون، دواتر لێیانمان پرسی‌و بۆ گیراون، گوتویانه په‌یه‌ده نه‌یتوانی هیچ شتێكمان به‌سه‌ر ساغ بكاته‌وه".
به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌شی ڕوون كرده‌وه: "له عه‌فریندا په‌یه‌ده ئه‌ندامێكی دیكه‌ی ئیمه‌یان ده‌ستگیركردووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ تاوانێكی كردبێ، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی ئه‌نه‌كه‌سه‌یه ده‌ستگیریان كردووه".
گوتیشی: "ئێمه هه‌ڕه‌شه و گوشاری په‌یه‌ده نامان ترسێنێت، ئه‌وه‌شی ئێستا په‌یه‌ده ده‌یكات، هه‌مان ئه‌و ڕه‌فتارانه‌یه كه كاتی خۆی ڕژێمی به‌عس ده‌یكرد".
BAS NEWS-
