پەرلەمانتارێك: دروستكردنی هەر هێزێكی چەكداری لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەرژەوەندیی كوردستاندا نابێت
د. ئەردەڵان نوورەدین، ئەندام پەرلەمانی عێراق، لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێکدا بە (باسنیوزی)ی رایگەیاند، پەسەندكرندی یاسای حەشدی شەعبی لە دانیشتنی 26-11-2016 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە بڕوای من كارێكی گونجاو نەبوو، هەربۆیەش هەرچەندە لە هۆڵی ئەنجومەن ئامادە بووم، سەرەڕای فشارێكی زۆری شیعەكان لەسەرمان، كەچی ئامادە نەبووم دەنگ بەو یاسایە بدەم".
ئەو پەرلەمانتارە كوردەی پەرلەمانی عێراق، ئەوەش دەخاتەڕوو، بە بۆچوونی من رۆژیك دێت ئەم هێزە واتە حەشدی شەعبی؛ دەبێتە گەورەترین كیشە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پیشمەرگە، بۆیە وەك سیاسییەكی كوردستان، دەنگی خۆم دژ بەو یاسایە بوو، ئایندەیەكی باشی لێ چاوەڕوان ناكەم، چونكە دروستكردنی هەر هێزێكی تری چەكداری عێراقی و تائیفی لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە بەرژەوەندیی كوردستاندا نابێت، بەتایبەت لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، هیوادارم ئەو هێزە نەبێتە كێشە بۆ كوردستان و دووبارە خوێنڕشتنی لێ نەكەوێتەوە".
د. ئەردەڵان نوورەدین، ئاماژەی بەوەش دا، بەداخەوە دیارە زۆر شتی چاوەڕوان نەكراو لەو وڵاتە ڕوو دەدات و دواجار كاریگەریی خەراپی لێ دەكەوێتەوە، وەك ئەوەی ئیستا لە ئارا دایە بۆ نموونە كە هەموو جیهان دەزانێت كە عێراق چۆن دروست بووە و هۆكاری نەبوونی هاوبەشی لەلایەن پێكهاتەكان بۆچی بەدی ناكرێت، بێگومانم هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كەئەو رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی ئەو وڵاتە، بەهۆی پێشێلكردنی مافەكانی یەكتر و یەكتر قەبووڵنەكردنیان و دژایەتی لەنێوانیاندا، هۆكاری لێكترازانی وڵات بوونە بۆ دابەشبوون و پارچە پارچە بوونی وڵات".
ئەو پەرلەمانتارە كوردە، گوتیشی، "دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، كورد خوازیار بوو مافەكانی بەدی بێنێت، بەتایبەتی مادەی 140 و گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانییەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان و سەرجەم ئەو خاڵانەی كە بەپێی یاسا تایبەت بە هەرێمی كوردستانەوە بوونە، كەچی نەك پابەند نەبوون، بەڵكوو وەك خۆی مایەوە تا ئەوكاتەی ئەو ناوچە كوردستانییانە جارێی تر لەلایەن داعش داگیركرانەوە، بەڵام خۆشبەختانە پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە كوردییەكان بە خوێنی هەزاران شەهید، توانیان داعش لەو ناوچە كوردستانیانە بەدەر بنێن و زۆربەی ئەو ناوچانە ئازاد بكەنەوە كە كێشە لەسەر بوون و ئێستا لەژێر دەستی پێشمەرگە پارێراون، پێویستە حكوومەتی عێراقیش گەیشتبێتە ئەو باوەڕەی كە دان بەوەدا بنێت، كەئەو ناوچانە كوردستانینە و بە شێوەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی كورد یەكلا بكرێنەوە و بگەڕێندرێندرێنەوە كە مافێكی ڕەوای هەرێمی كوردستانە".
لە دواییدا د. ئەردەڵان نوورەدین، گوتی "كە ئێستا گرنگترین شت ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كوردە، پێویستە كورد ئەو دەرفەتە زێڕینەی لەدەست نەدات كە نزیك بووینەتەوە لە ئازادی و سەربەخویی كوردستان، نەك لەپێناو بەرژەوەندیی حزب و لایەنێك دژایەتی ئەو دەسكەوت و ئامانجە مێژووییەی بكات، كە بەداخەوە ئەمڕو ناحەزانی كورد و كوردستان، ئەگەرچی هەندێكیان خۆشیان بە كورد دەزانن، خەریكی ئەوەن خەونی دەیان ساڵەی كورد لەگۆڕ بنێن و دژ بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەوەستنەوە و بە فیتی دوژمنان هەڵسوكەوت دەكەن، بێگومان ئەوەش جگەلە شەرمەزاری و شكست هێنانیان، هیچی تری لێ ناكەوێتەوە، چونكە ئیرادەی گەل زۆر لەوە بەهێزترە كە بە قسەی ئەملاو ئەبەلا ببردرێت، بەڵكوو ئازادی و سەربەخۆیی هیواو ئاواتی هەموو تاكێكی ئەو گەلەیە."
BAS NEWS-
