سەرۆکی شارەوانییەک و چەندین چالاکوانی سیاسی له باکووری کوردستان دەستبەسەرکران

سەرۆکی شارەوانییەک و چەندین چالاکوانی سیاسی له باکووری کوردستان دەستبەسەرکران



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "ئانادۆلو"ی نزیک له حکومەتی تورکیا، "لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی تیرۆردا لە ئورفا، سەرۆکی شارەوانیی ھالفەتی سەر بە پارێزگای ئورفا کە سەربە دەبەپەیە، دەستبەسەرکرا."



بەپێی هەواڵەکه، "لەچوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەی کە داواکاری گشتیی شارەکە بەڕێوەی دەبات، ھێزەکانی پۆلیس لە بینای شارەوانیەکە گەڕان و پشکنینیان ئەنجام دا."



"بەمەبەستی لێکۆڵینەوە ھێزەکان دەستیان بەسەر ژمارەیەک کۆمپیوتەر و بەڵگە و دۆکومێنتدا گرت."



دواتریش سەرۆکی شارەوانییەکە مستەفا بایرام دەستبەسەرکرا.



بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ ٢٤ کەسی دیکە دەرکراوە و ئۆپەراسیۆنەکە ھێشتا بەردەوامە.



هەر ئەمڕۆ و له هەوڵێکی دیکەی هێزه ئەمنییەکانی تورکیادا، حەوت کەس دەستگیرکران کە کەمال ئاڤجی سەرۆکی لقی ھەدەپە لە شارۆچکەی کاغزمان و عەلی باغی سەرۆکی لقی دەبەپەی شارۆچکەکەشیان تێدایە.



به گوتەی ئانادۆڵو، ھاوکات پشکنین بۆ ماڵ و شوێنی کار و بینا حزبییەکانی دەستگیرکراوەکان ئەنجامدرا و ژمارەیەک بەڵگەنامەی رێکخراوەیی دەستیان بەسەرداگیرا.



راگەیەنرا ئەو حەوت کەسە بەتۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی، دەستەبەرکردنی سەرچاوەی ماددی بۆ رێکخراوەکە و پڕۆپاگەندەکردن بۆیان" دەستبەسەرکراون.



بەمەبەستی لێکۆڵینەوە دەستگیرکراوەکان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارۆچکەکە کران.



تاکو ئێستا چەندین پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی و کەسایەتیی کوردی باکووری کوردستان بەبیانووی "لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی تیرۆر" دەستگیر کراون.


payamner-
Top