دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی: دڵنیام هەرێمی کوردستان دەبێتە دەوڵەت
پیتەر گالبرێت، سیاسەتمەدار و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە کڕواتیا بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، دەرگای سەربەخۆیی کوردستان کراوەتەوە و ”خەڵکی کوردستان خۆی لە ریفراندۆمدا بڕیار دەدات بەو دەرگایەدا بڕوا یان نا“.
پیتەر گاڵبرێت هەروەها رایگەیاندووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا هەرێمی کوردستان دەبێتە دەوڵەتی سەربەخۆ و پێشیوایە ولاتانی جیهان بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاوا دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا دەنێن.
ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بۆ سەربەخۆبوون، پێویستە سەرکردە و هاووڵاتییانی کوردستان خۆیان هەوڵ بدەن، چونکە ”ئەگەر چاوەڕێ بن وڵاتان پێتان بڵێن فەرموون سەربەخۆ بن، ئەمە روو نادات“، چونکە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا ”مامەڵە لەگەڵ واقیع دەکەن“.
بە گوتەی پیتەر گالبرێت، کوردستان بۆ سەربەخۆیی، زۆر لە وڵاتانی تازە سەربەخۆبووی تەیموور، بۆسنیا، کڕواتیا، لیتوانیا و باشووری سوودان ”لە پێشترە و ئامادەترە“.
payamner-
