ژمارەیەک چەکداری داعش لە قەرەتەپە کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن

ژمارەیەک چەکداری داعش لە قەرەتەپە کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن

ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی توندڕەوی داعش لە سنووری شارەدێی قەرەتەپە لە باشووری شاری خورماتوو ماون و کاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

کەمال ئیبراھیم، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەرەتەپەراگەیاندووە، کە گرووپێکی ٢٠ چەکداریی داعش، خەڵکی سنووری قەرەتەپەیان ھەراسان کردووە و ھەر رۆژە و کارێکی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

بە گوتەی کەمال ئیبراھیم، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەو چەکدارانەی داعش دوو بگۆڕ (محاویلە)ی کارەبایان لە ناوچەکەدا تەقاندووەتەوە و پێنجی دیکەشیان بۆمبڕێژ کردووە، بەڵام تیمی ئەندازیاری بۆمبەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە.

ھەروەک ئەو بەرپرسەی پارتی رایگەیاندووە، ماوەیەک پێش ئێستا ھێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی چەکدارانی داعش لە سنوورەکە ئەنجام دا، بەڵام بەشێکیان ھێشتا دەستگیر نەکراون و ”لە زۆر شوێندا خۆیان حەشارداوە“.

قەرەتەپە شارەدێیەکی کوردستانییە، دەکەوێتە باشووری شاری خورماتوو و لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە.

لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای ھەرەس ھێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
payamner-
Top