نێچیرڤان بارزانی: کوردستان لە بواری چاکسازیدا لەسەر ڕێچکەیەکی ڕاست دەڕوات
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/12/2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی کرسیتۆفەر لانگمان باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کرد ولە دیدارێکدا لانگمان، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردان و ئارامی، ئاسایش و پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان دەربڕی، جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی ئوسترالیا بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات و ستایشی ڕۆڵ و قوربانیدانی خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی لە بەرنگاربوونەوەی تیرۆر، پاراستنی پێکھاتە جیاوازەکان، حەواندنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر، کرد.
دواتر پوختەیەکی دەربارەی ڕۆڵی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش خستەڕوو، ھەروەھا دەشتخۆشی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد بۆ ھەنگاوەکانی لە بواری چاکسازی و پەرەپێدان و گرنگیدان بە مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافی ئافرەتان و ھێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر لە ھەرێمی کوردستان.
ھاوکات، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و ڕۆڵی ئوسترالیا لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و پاڵپشتیی بەردەوامیان بۆ ھەرێمی کوردستان کرد، کە پشتیوانیی ھاوپەیمانان ھۆکارێکی سەرکەوتنی پێشمەرگە بەسەر تیرۆرستانی داعشدا بوو، ھەروەھا ئاماژەی بە ئاستی باشی ھاوکاری و ھەماھەنگیی سەربازیی نێوان ھەولێر و بەغدا کرد لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە مووسڵ و دەوروبەری.
ھەروەھا سەرۆک وەزیرانی کوردستان، ئاماژەی بەوەش دا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری کۆمەڵایەتی، چاکسازییە ئیداری و ئابوورییەکانیدا لەسەر ڕێچکەیەکی ڕاست دەڕوات، ھەروەھا دووپاتی کردەوە ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە، دەرفەتێکە بۆ بەخۆداچوونەوە و پەیداکردنی سەرچاوەی دیکەی داھات، ھەروەھا بەھێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئوسترالیاشی دووپات کردەوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنەوەی مووسڵ و ڕەھەندەکانی کرا و ھەردوولا ھاوڕا بوون کە پێویستە لەپاڵ سەرکەوتنی سەربازی، لە لایەنی سیاسیشەوە پێشکەوتنی باش بەدەست بھێنرێت، بەتایبەتی بۆ قۆناغی دوای ئازادکرنەوەی مووسڵ، پلانی باش و سەرکەوتوو بۆ سەقامگیریی ئاسایش و ئاوەدانکرنەوەی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی متمانە و دووبارەنەبوونەوەی ئەو کارەساتانەی لەلایەن تیرۆرستانەوە بەسەر ناوچەکەدا ھێنراون، دابڕێژرێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەردوولا باس کرا، لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیران، جەختی لەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان دەخوازێت تەواوی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و لێکگەیشتنەوە چارەسەر بکات و و ئایندەی پەیوەندییەکانیشی بە ھەمان شێوە دیاری بکات.
سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش، ھەردوولا دوا پەیام و دەستپێشخەریی جەنابی سەرۆک بارزانییان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، بەرز نرخاند.
باسنيوز
