سپۆتنیک: ئیسپانیا ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق زیاد دەکات
سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بڕیاری حکومەتی وڵاتەکەی بە زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانیان لە عێراقی ڕاگەیاند.
ئاژانسی سپۆتنیکی ڕووسی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی ماریانۆ ڕاخۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیای گواستەوە کە ڕایگەیاندبوو ژمارەی سەربازانی ئیسپانی لە عێراق بۆ ٤٠٠ سەرباز زیاد بکەن کە لەئێستادا ٣٠٠ سەرباز و ڕاوێژکار و ڕاھێنەری سەربازی لە عێراقدا مەشق و ڕاھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق دەکەن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا زیادکردنی ژمارەی ھێزەکانی لە عێراق بۆ ھاوکاریکردنی زیاتری وڵاتەکەی لە چوارچێوەی وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش گەڕاندەوە، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی پەرلەمانی ئیسپانیا لەسەر داوای حکومەت، دەست بە جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا کە زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ئیسپانی لە عێراق لەسەر داوای ھێزاەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بڕیاری لەسەر دراوە.
ھەروەھا بەشێک لەو زیادبوونەی ھێزەکانی ئیسپانیا لە ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە لە چوارچێوەی ھێزی ھاوپەیماناندا مەشق و ڕاھێنانی سەربازی بە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن
PAYAMNER-
