شه‌ڕڤانانی مه‌نبه‌ج: 37 چه‌كداری قه‌ڵغانی فورات كوژران

شه‌ڕڤانانی مه‌نبه‌ج: 37 چه‌كداری قه‌ڵغانی فورات كوژران
ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ربازی‌ مه‌نبه‌ج كوژرانی‌ 37 چه‌كداری‌ له‌ هێزه‌كانی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ قه‌ڵغانی‌ فورات راگه‌یاند، پاش روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ هێرشێكی‌ ئه‌و هێزانه‌ بۆ سه‌ر گوندی‌ ئۆلاشا له‌ رۆژئاوای مه‌نبه‌ج.

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، له‌سه‌رله‌به‌یانی‌ سێشه‌ممه‌وه‌ له‌ هێزه‌كانی قه‌ڵغانی فورات به‌ هاوكاری تۆپخانه‌كانی سوپای توركیا هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر گوندی ئۆلاشا و شه‌ڕ و پێكدادان تا دره‌نگانی شه‌و به‌رده‌وامبووه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌كردوه‌ كه‌ شه‌رڤانان توانیویانه‌ شكست به‌ هێرشه‌كه‌ بهێنن و له‌و شه‌ڕه‌دا 37 چه‌كداری‌ قه‌ڵغانی فورات كوژراون و ته‌رمی چه‌ند چه‌كدارێك له‌ شوێنی شه‌ڕه‌كه‌ به‌جێ ماون.

گوندی ئۆلاشا ده‌كه‌وێته‌ دوری‌ 29 كیلۆمه‌تر رۆژئاوای شاری مه‌نبه‌ج كه‌ له‌ ژێر كونترۆڵی شه‌ڕڤانانی مه‌نبه‌جدایه‌.

بەرەبەیانی 24ی ئابی ئەمساڵ سوپای توركیا‌و بەشێك لەئۆپۆزسیۆنی چەكداری سوریا لەنێویاندا سوپای سوریای ئازاد، ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات-یان لەناو خاكی سوریادا راگەیاند، بەبیانووی دەرهێنانی شارە سنووریەكانی ئەو وڵاتە وەك جەرابلوس‌و دواتریش شاری باب كە نزیكن لە سنوری توركیا، لەژێر چنگی داعش.

لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەوە تائێستا ژمارەیەك سەربازی توركیا كوژراون‌و چەندین تانك‌و زرێپۆشی ئەو سوپایە تێكشكێنراون، ئەمریكاش كە سەركردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكات لەشەڕی دژ بەداعش چەندینجار رایگەیاندووە كە هیچ هاوكاریەكی سوپای توركیا ناكات لەو ئۆپەراسیۆنەیدا كەلەناو خاكی سوریادا ئەنجامی دەدات.

Top