سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان: یاسا سه‌روه‌ر بوایه ژیان‌و گوزه‌رانی هاوڵاتیان به‌م شێوه‌یه نه‌ده‌بوو
ئه‌و وتانه‌ی یوسف محه‌مه‌د، له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌مڕۆیدا هات له‌گه‌ڵ شاندێكی هاوبه‌شی یه‌كێتی دادوه‌رانی كوردستان‌و سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی سلێمانی كه چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان‌و یه‌كێتی‌و یه‌كگرتوو ئاماده‌ی بوون.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆبوونه‌وه‌كه كه وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پشتیوانی خۆی‌و په‌رله‌مانی كوردستانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی دادگاكانی كوردستان ده‌ربڕیوه‌و داوایكردووه هیچ لایه‌ن‌و گروپێك، به بیانووی جیاوازه‌وه ده‌ستێوه‌ردان له‌كاروباری دادگاكان نه‌كات.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وتی"به‌داخه‌وه ئێستا له هه‌رێمی كوردستان یاسا سه‌روه‌ر نییه، ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ر بوایه ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیان به‌م شێوه‌یه نه‌ده‌بوو. حكومه‌ت له په‌كخستنی په‌رله‌ماندا ده‌ستی بۆ بڕین‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی هاوڵاتیان برد، حكومه‌ت مافی ئه‌وه‌ی نییه موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ببڕێت".
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی په‌رله‌مان، شاندی دادوه‌ران، جگه له‌پشتیوانی وته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هه‌ماهه‌نگی نێوان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی‌و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانیان به پێویست‌و گرنگ زانیوه، ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد "داخستنی په‌رله‌مان وای كردووه كۆمه‌ڵێك یاسای گرنگ په‌كی بكه‌وێت و كار بكاته سه‌ر سه‌روه‌ر بوونی یاسا له هه‌رێمی كوردستان".
هه‌روه‌ها هه‌ردوولا ته‌بابوون كه پڕۆسه‌ی چاكسازیی به‌بێ سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی‌و چاودێریی په‌رله‌مان سه‌ركه‌وتوو نابێت.
XENDAN -
