مەلا كرێكار ئازاد كرا

مەلا كرێكار ئازاد كرا
مەلا كرێكار دوای هەفتەیەك لە دەستگیركردنی لەنەرویج ئەمڕۆ ئازاد كرا، هەواڵگریی ئیتاڵیا ئەو داوایەی كێشاوەتەوە كە بەهۆیەوە مەلاكرێكاری لەسەر دەستگیركراو بڕیاربوو رەوانەی ئەو وڵاتە بكرێت، ئەوەش بەوتەی برایەكی.

23ی ئەم مانگە پۆلیسی هەواڵگری نەرویج نەجمەدین فەرەج ناسراو بە مەلا كرێكاری دەستگیر كرد، ئەوەش دوا ئەوەی دادگای باڵای ئەو وڵاتە دوو بڕیاری دادگایەكی ئەو وڵاتەی پشتڕاستكردەوە بۆ ئەوەی بەتۆمەتی تیرۆر كرێكار ڕادەستی ئیتاڵیا بكرێتەوە.

خالید رەنجدەر، برای مەلا كرێكار، لە فەیسبوكی تایبەتی خۆی نوسیویەتی مامۆستا كرێكار گەیشتەوە ماڵەكەی خۆی لە ئۆسلۆ، بەوتەی ئەو برایەی مەلا كرێكار، برینیار مێلێنگ پارێزەری مەلا كرێكار وتویەتی"موخابەراتی ئیتاڵیا داوای ڕادەستدانی مامۆستا كرێكاری كێشاوەتەوەو، دەسەڵاتدارانی نەرویج هیچیان لەبەردەمدا نەماوە جگە لەوەی كە دەبێ ئازادی بكەن".



خالید رەنجدەر هەروەها نوسیویەتی"لەدوای دەستگیركردنەكەی مامۆستا كرێكارەوە لەم چەند ڕۆژانەی ڕابوردوودا وەزیری دادی نەرویج و هەندێك لە پەرلەمانتارانی حیزبی (FRP)ی نەرویجی خۆشییان دەگێڕا كە لە كۆتاییدا توانیان ئەو بەڵێنە ببەنەسەر كە لە هەڵبژاردنەكاندا بە خەڵكیان دابوو، مامۆستا كرێكار لە نەرویج دەردەكەن".

پێشترو لە 21-10-2016 دادگای تێهەڵچوونەوەی ئۆسلۆ سكاڵاكەی‌ مەلا كرێكاری دژ بە بڕیاری دادگای سزای ئۆسلۆ ڕەتكردبووەوە.

مەلا كرێكار لە ساڵی 1991وە وەكو پەنابەر چۆتە نەرویج و پێشتر چەندین جار دەستگیركراوەو دادگایی كراوە و زیندانی كراوە و دواتر ئازادكراوە، بەڵام ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق‌و حكومەتی هەرێم نەكراوەتەوە، چونكە ناتوانرێت گەرەنتی ژیانی مەلا كرێكار بكرێت بەوەی لە عێراق لەسێدارە نادرێت.
XENDAN -
Top