کوردانی شەبەک پەیامێک دەدەنە نەتەوە یەکگرتووەکان

 کوردانی شەبەک پەیامێک دەدەنە نەتەوە یەکگرتووەکان
کوردانی شەبەک پەیامێک دەدەنە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

غەزوان حامید، ئەندامی کوردی شەبەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، گوندەکانی کوردانی شەبەک دابەشی سەر سێ لایەن بوون، 22 گوند دەکەونە سنووری پێشمەرگەوە، 36 گوند کەوتوونەتە سنووری ھێزەکانی سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی‌شەعبی و چوار گوندیش تاوەکو ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعشدان و رزگار نەکراونەتەوە.

غەزوان حامید هەروەها رایگەیاندووە، کە بەهۆی بوونی هێزێکی زۆری چەکدارانی حەشدی شەعبی، کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی نەینەوا لەو ناوچەیەن، ھاووڵاتییانی کوردی شەبەک ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان، ”نامانەوێ ناوچەکانمان دابەش بێت و سوپا و حەشدی شەعبی لە گوندەکانمان بن“.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پاریزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کوردانی شەبەک داوایان کردووە هەموو گوندەکانیان بخرێتەوە سەر کوردستان و ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگە و بۆ ئەم مەبەستەش داواکارییەکیان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و ”ئەوانیش پێیان راگەیاندووین وەڵامیان دەبێت“.

شەبەکەکان چەند هۆزێکی کوردن، لە نزیکەی 60 گوند لە دەشتی نەینەوادا نیشتەجێن.

لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.














باسنيوز
Top