ڕوانگەی سووری: ئاسایشی پەیەدە لەسەر باکگراوندی فکری و تێڕوانینی سیاسی خەڵک دەستگیر دەکات
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە سەر بە پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)ن لە کوردستانی ڕۆژئاوا، هەریەک لە حەواس عەگید، نوێنەری ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە ئیئتیلافی سووریا بۆ هێزە شۆڕشگێڕەکان و ئۆپۆزسیۆنی سووریا، هەروەها جدعان عەلی، سەرکردە لە بزووتنەوەی چاکسازیی کوردی ئازاد کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، تاوەکوو ئێستا، هێزەکانی ئاسایش نزیکەی 35 کەسیان دەستگیر کردووە لەوانەی کە لایەنگری هێزە سیاسییە کوردییەکانن و زۆرینەیان ئەندامی پارتی دیموکراتیی کوردستانی سووریا (پەدەکەسە)ن، هەندێکیشان سەر بە پارتی یەکێتیی کوردین. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بەهۆی باکگراوندی فکری و تێڕوانینی سیاسییە کە ئاسایش بە ئۆپۆزسیۆنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتییان دەزانێت“.
لەکۆتاییدا ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و لایەنە بەرپرسەکانی نێو پەیەدە کردووە، کۆتایی بە دەستگیکردنی ئۆپۆزسیۆنی خۆیان بهێنن و دەست بەجێ سەرجەم دەستگیرکراوان لەسەر بۆچوون و ڕادەربڕین ئازاد بکات.
باسنيوز
