له پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک بارزانی و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا قۆناغەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ تاوتوێ کرا
ئێوارەی ئەمڕۆ "جۆ بایدن" جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە "مەسعود بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرد.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و خانەوادەی ھەموو ئەو پێشمەرگانە کرد کە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا گیانی خۆیان فیدا کردووە و شەھید بوونە. ھەروەھا پیرۆزبایی و دەستخۆشیشی لە ھێزی پێشمەرگە کرد بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنانەی لەبەرانبەر تیرۆریستاندا بەدەستیان ھێناوە.
لە بەشێکی تری ئەم پەیوەندییەدا ھەردوولا ھاوکاری و ھماھنگیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی سوپای عێراق بە باش وەسف کرد کە دەستکەوت و سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست ھێناوە و بە پێویست زانرا ئەو ھەماھەنگییە بەردەوام بێت و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئەو ھەماھەنگییە دووپاتکردەوە.
ھەر لەو پەیوەندییە سەرۆک بارزانی سوپاسی ئەمەریکای کرد کە پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگە و ھەماھەنگییەکەی بووە لەگەڵ ھێزەکانی عێراقیدا.
PAYAMNER-
