به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی كاره‌با هۆكاره‌كانی كه‌می كاره‌با ئاشكرا ده‌كات

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی كاره‌با هۆكاره‌كانی كه‌می كاره‌با ئاشكرا ده‌كات

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی سەرما، کارەبا لە ھەرێمی کوردستان کێشەی تێکەوت و کەم بووەوە، بە جۆرێک کار گەیشتە ئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە شەو و رۆژێکدا تەنیا چەند کاتژمێرێک کارەبا دەدرا، بەرپرسێکی وەزارەتی کارەباش ھۆکارەکانی کەمیی کارەبا روون دەکاتەوە .

محەمەد ئەمین ھەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان به‌ باسی راگه‌یاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا کێشەی دابەزینی پەستانی ئەو غازەمان ھەبوو کە بۆ وێستگەکانی کارەبا دەھات، کە بەھۆیەوە ھەزار مێگاوات کارەبا کەمی کرد، خۆشبەختانە ئەو کێشەیە چارەسەر کرا".

هه‌ورامی ئاماژەی بەوەدا، ئێستا بەرھەمی کارەبا لە سنووری ٢ ھەزار و ٤٠٠ مێگاواتە و ھەوڵی زیاتربوونیشی دەدرێت.

ڕوونیشی کردەوە، تۆڕبایینێکی وێستگەی کارەبای ھەولێر لە چەند رۆژی داھاتوودا دەکەوێتە کار و بەھۆیەوە چەند کاتژمێرێکی تر کارەبا زیاد دەبێت، گوتیشی: "ئەو یەکەیەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وێستگەی ھەولێر ئێستا لەژێر نۆژەنکردنەوە و چاککردن دایە و لە چەند رۆژی داھاتوودا دەکەوێتە کار، کە بەرھەمەکەی ٢٥٠ مێگاوات کارەبایە و دەتواندرێت چەند کاتژمێرێکی تر کارەبا زیاد بکەین".

ھەورامی جەختی کردەوە، لەم بارودۆخەدا تەنیا دەتوانن ١٢ بۆ ١٣ کاتژمێر کارەبا بدەن، دەشڵێت: "ئێستا خواست لەسەر کارەبا لە ٥ ھەزار بۆ ٥ ھەزار و ٥٠٠ مێگاواتە، لە کاتێکدا بەرھەمی ئێمە ٢ ھەزار و ٤٠٠ مێگاواتە، بۆیە ناتوانین تەواوی خواستی سەر کارەبا پڕ بکەینەوە، بەڵام ھەوڵ دەدەین زۆرترین بڕی کارەبا بۆ ھاووڵاتییان دابین بکەین، بەو مەرجەی ئەوانیش ھاوکارمان بن لە کەمکردنەوەی ئامێرەکانیان".
PAYAMNER-
Top