هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د: پەیامەکەی بارزانی دەستپێشخەرییەکی باش بوو

هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د: پەیامەکەی بارزانی دەستپێشخەرییەکی باش بوو

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان ڕای گەیاند، دەستپێشخەرییەکەی بارزانی باش بووە و بەپێویستیشی زانی، لایەنەکان بەبێ مەرج لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 29\11\2016، هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان، پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد: ”پەیامەکەی بارزانی دەستپێشخەرییەکی باش بوو، پارتیش دەستپێشخەری کردووە و سەردانی لایەنەکانی کردووە، ئەوان دەبێت هەموو لایەنەکان ببینن، دواتر قسە لەسەر وردەکارییەکان دەکرێت“.

بەپێویستیشی زانی، هێزە سیاسییەکان پێکەوە کێشەکانیان بخەنە لاوە و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی پارتی پێیانگوتوون، ئەوان جددین و گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن.

هەندرێن ئەحمەد ڕوونی کردەوە: ”لە کۆبوونەوەکەدا گوتمان دەبێت حزبەکان گفتوگۆ بکەن و بەرپرسیارێتی هەڵگرن. دەستوور و ناوەڕۆکەکەی یەکلا بکرێتەوە، مەسەلەی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی حکوومەت بەیەک پاکێج چارەسەر بکرێت“. گوتیشی: ”دەبێت لایەنەکان بەبێ مەرج بچنە ناو گفتوگۆکان“.
PAYAMNER-
Top