کاکە حەمە:پەیامەکەی بارزانی هیچ بەهانەیەکی نەهێشتەوە.. كاوه مهحموود:پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەكان بیروبۆچوونی خۆیان پێشكەشی پارتی بكەن
محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، سەرجەم لایەنەکان پشتیوانییان لە پەیامەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە.
محەمەدی حاجی مەحموود، کە بە کاکە حەمەش دەناسرێت، پێیوایە پێویستە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان بە یەکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنن، کە ”قۆناغێکی گونجاوە“ بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کە پەیامەکەی مەسعود بارزانی هیچ بەهانەیەکی بۆ رێکنەکەوتنی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نەهێشتەوە.
هاوكات ههرئهمڕۆ شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان کە (فازڵ میرانی) سەرۆکایەتیی دەکات، لەگەڵ حزبی شیوعیی کوردستاندا کۆ بووەوە، پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەش، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا لەبارەی ئەوەی کە پارتی بۆ گفتوگۆکان پڕۆژی نییە، (میرانی) رایگەیاند، پڕۆژەی یەکلایەنەمان نییە، بەڵکو دەمانەوێ ڕاکان کۆ بکەینەوە و پڕۆژەی هاوبەشمان هەبێ، بۆ دەربازبوون لەو دۆخی تێیکەوتووین.
هاوکات (کاوە مەحموود) سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان ڕایگەیاند، دەستپێشخەری هەیە و گرینگە بۆ ئەوەی ببێ بە پڕۆژەیەک.. ئەم گفتوگۆیانە بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی واقیعی و گرینگە.. پارتی لەگەڵ کایەنەکاندا کۆ دەبێتەوە و ڕای خۆی خستووەتە ڕوو، دەبێ لایەنەکانیش ڕاکانیان بخەنە ڕوو تا دواجار بگەین پڕۆژەیەکی هاوبەش.
راشیگەیاند: "ھاتنی شاندی پارتی و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكاندا، مانای ئەوەیە كە گوێ دەگرن و دەیانەوێت پڕۆژەیەكی راستەقینە دروست بكەن، بۆیە ئەو گوێگرتنەی شاندی پارتی دەیكات مەسەلەیەكی گرینگە، پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەكان بیروبۆچوونی خۆیان پێشكەشی پارتی بكەن، بۆ ئەوەی لە دواییدا ھەموو لایەنەكان بە یەكەوە بتوانن میكانیزمێك دروست بكەن، دەستپێشخەرییەكە ببێت بە پڕۆژەیەك بۆ چارەسەر".
دوێنێ دووشەممە، شاندی دانوستانکاری پارتی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیدا کۆ بووەوە و، بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر ئەمڕۆ، لەگەڵ حزبی سۆشیالیستدیموکراتی کوردستان و پارری کرێکاران و ڕەنجەدەران و حزبی زەحمەتکێشاندا کۆ ببێتەوە. وایش بڕیارە حەفتەی دابێ، شاندی دانوستانکاری پارتی سەردانی سلێمان بکات و لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆراندا کۆ ببێتەوە.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەم، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانپەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد، بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و سەرۆکایەتییکی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها داوای لە حزبە سیاسییەکان کرد، کەسێک دەستنیشان بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەڵبژاردنی ئایندە، ”منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم“.
HAWLER-
