ساڵح موسلیم باسی پەیوەندی خۆی لەگەڵ شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی‌و پەكەكەو توركیا دەكات

ساڵح موسلیم باسی پەیوەندی خۆی لەگەڵ شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی‌و پەكەكەو توركیا دەكات
هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات(پەیەدە) ئاشكرایدەكات لە ساڵی حەفتاكاندا دڵسۆزی شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی بووەو دواتر بووە بە دڵسۆزی پەكەكەو دوو جاریش لە شام چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان كەوتووە، بەڵام نەبووەتە كادری ئەو حزبە.

فەهیم تاشتەكین نوسەری ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، بەشێك لەچاوپێكەوتنی لەگەڵ ساڵح موسلیم بڵاوكردەوە كە لەمانگی حوزەیرانی رابردوو لەكتێبێكدا بەناوی (رۆژئاوا: زەمانی كوردەكان) بڵاویكردووەتەوە.

لەو چاوپێكەوتنەدا ساڵح موسلیم باسلەوەدەكات كە كوڕی لادێ یەو لەساڵی 1951 لەگوندی شێران لەدایك بووە كە 7 كیلۆمەتر لە كۆبانی دورەو خوێندنی ناوەندی‌و ئامادەیی لە سوریا تەواوكردوەو لەساڵی 1970 لەزانكۆی تەكنیكی ئیستەنبوڵ بەشی كیمیای خوێندوەو لە 1977 زانكۆی تەواوكردووەو ماوەیەك چووەتە لەندەن‌و دواتر چووەتەسعودیەو تاساڵی 1992 لەوێ ماوەتەوەو دواتر لە شاری حەلەب ئۆفیسی ئەندازیاری كردوەتەوەو تائێستاش ئەندامی ژوری ئەندازیارانی شاری حەلەبە.

لەبواری سیاسیدا، ساڵح موسلیم دەڵێت"لەقۆناغی ناوەندی تا ساڵی حەفتاكان كە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی هەبوو من دڵسۆزبووم لەگەڵ شۆڕش، بەڵام خەباتی سیاسیم بۆ پارتی نەكرد، تاچوومە سعودیە هەر وابووم، دواتر هاوسەرگیریم كردو دوای 1980 بەهۆی ئەوەی زمانی توركیم دەزانی بەدواداچوونم بۆ پێشكەوتنەكانی توركیاو پەكەكە دەكرد".

ساڵح موسلیم ئاماژە بەوەشدەكات، وەكو وڵاتپارێزێكی كوردستان دڵسۆزی پەكەكە بووە، بەڵام پەیوەندی رێكخستنی لەگەڵ پەكەكە نەبووەو لە سوریا دووجار لە شام چاوی بە ئۆجەلان كەوتووە و دڵسوزیی زیاتر بووە.

موسلیم ئەوەناشەرێتەوە كە یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەیەدە بووەو سوودیان لەو بنكە جەماوەرییە وەرگرتووە كە ئۆجەلان لەسوریا دروستی كردبوو، لە 20 ئەیلولی 2003 پەیەدەیان دامەزراندووە وەك حزبێكی كوردانی سوریا.

لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا هاوسەرۆكی پەیەدە، ئاماژە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیاو رۆڵی پەیەدەو یەپەگە لەئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی گۆڕی (سلێمان شا) دەكات لەژێر دەستی داعش بۆ گوندێكی نزیك لەكۆبانی.

ساڵح موسلیم دەڵێت"لەفەریدون سنرلی ئۆغڵو(راوێژكاری وەزیری دەرەوەی توركیا ساڵی 2014) بپرسن‌و هەموو وەڵامەكان لای ئەون، ئەوكات لە ئەنقەرە لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە مێزی قەیران دروستكراو منیش ئەوكاتە لەئیستەنبوڵ بوم‌و ژمارەتەلەفونم لایانبوو هەركارێكی نەخوازراو رویبدایە پێیان دەوتم‌و من تەلەفۆنم بۆ كۆبانی دەكرد بۆ چارەسەركردنی هەركێشەیەك لەلایەن یەپەگەو بەرپرسانی كانتۆنی كۆبانی. دوای كۆتایی ئۆپەراسیۆنەكە فەریدون سنرلی ئۆغلو تەلەفۆنی بۆ من كردو بە منی وت ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركەوتوویی تەواوبووە، دەستتان خۆش بێت‌و سوپاستان دەكەین".

لەئێستا پەیوەندیەكانی ساڵح موسلیم‌و توركیا خراپن‌و 22ی ئەم مانگە داواكاری گشتی ئەنقەرە بڕیاری‌ دەستگیركردنی‌ بۆ ساڵح موسلیم‌و ژمارەیەك سەركردەی‌ پەكەكەی‌ دەركرد، لە دۆسیەیەكدا كە پەیوەندی‌ بە تەقینەوەكەی‌ شوباتی‌ ئەمساڵی‌ ئەنقەرەوە هەیە.

رۆژی 17 شوباتی ئەمساڵ تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە دژی كاروانێكی سەربازی سوپای توركیا لە شاری ئەنقەرە ئەنجامدرا و 29 سەربازی توركیا كوژران و زیاتر لە 60 كەسی تریش برینداربون و هەڵۆكانی ئازادی كوردستان (تاك) ئەو تەقینەوەیەی گرتە ئەستۆ.
XENDAN -
Top